وەزارەتی تەندروستیی ئێران نوێترین ئاماری قوربانیانی هێرشەکانی ئەمریکای راگەیاند
وەزارەتی تەندروستی ئێران: لە هێرشەکانی ئەمریکادا 38 کەس کوژراون و زیاتر لە 400 کەس بریندارن
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران نوێترین ئاماری قوربانیانی هێرشەکانی ئەمریکای بۆ سەر وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ ژمارەی کوژراوان گەیشتووەتە 38 کەس و زیاتر لە 400 کەسی دیکەش بریندار بوون، کە ئافرەت و منداڵ لە نێو قوربانییەکاندان.
ئەمڕۆ هەینی 17ی تەممووزی 2026، حوسێن کرمانپوور، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران لە راگەیەندراوێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی"X" دەربارەی زیانە مرۆییەکانی "جەنگی تەممووز" رایگەیاند، تا کاتژمێر 6:30ی بەیانی ئەمڕۆ ، ژمارەی بریندارانی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی ئێران 400 کەسی تێپەڕاندووە.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی ئەو هێرشانەوە تاوەکو ئێستا 38 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە. لەبارەی وردەکاری قوربانییەکانیشەوە گوتی: "لە نێو بریندارەکاندا 22 ئافرەت و 9 کەسی تەمەن خوار 18 ساڵ هەن، هەروەها لە نێو گیانلەدەستدراوەکانیشدا سێ ئافرەت و یەک منداڵی خوار تەمەن 18 ساڵ دەبینرێن."
کرمانپوور راشیگەیاند، 47 کەس لە بریندارەکان لە نەخۆشخانەکاندا لەژێر چاودێری پزیشکیدان و باری تەندروستییان ناجێگیرە و پێویستییان بە نزایە.
گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ئێران لە کۆتایی پەیامەکەیدا کە لە هەژماری خۆی بڵاویکردووەتەوە، جەختی لەوە کردووەتەوە "تەندروستی، یەکەمین قوربانیی جەنگە."
ئەم ئامارانەی وەزارەتی تەندروستی ئێران لە کاتێکدایە کە ماوەی شەش رۆژە گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران گەیشتوونەتە ئاستێکی بێپێشینە و چەندین قوربانی لێکەوتووەتەوە کە تا ئێستا ئاماری یەکلاکەرەوە بەردەست نییە.