ئێران داوا لە هاووڵاتییان دەکات ئامێرەکانی ساردکەرەوە بکوژێننەوە

وەزارەتی وزەی ئێران داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات بەکارهێنانی کارەبا کەم بکەنەوە و ئامێرەکانی ساردکەرەوە بکوژێننەوە، ئەمەش دوای ئەوەی بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکاوە زیانێکی زۆر بە ژێرخانی کارەبا و هێڵەکانی گواستنەوە لە ناوچەکانی باشووری ئەو وڵاتە گەیشتووە و فشارێکی زۆر لەسەر تۆڕی نیشتمانی دروست بووە.

داواکارییەکەی وەزارەتی وزەی ئێران لە کاتێکدایە کە پچڕانی بەردەوامی تەزووی کارەبا لە شاری بەندەر عەباس و ناوچەکانی دەوروبەری بەردەوامە. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ شەپۆلێکی گەرمای توند کە تێیدا پلەکانی گەرما لە هەندێک پارێزگای باشووری ئێران 50 پلەی سەدییان تێپەڕاندووە، ئەوەش پێویستی بە بەکارهێنانی ئامێرەکانی ساردکەرەوە و فشار بۆ سەر تۆڕە زیانلێکەوتووەکان دوو هێندە کردووە.

راپۆرتە ناوخۆییەکانی ئێران ئاماژە بەوە دەکەن کە پارێزگاکانی هورمزگان، بوشەهر و خوزستان لە دۆخێکی سەختی کەشوهەوادان و بەدەست پچڕانی یەک لە دوای یەکی کارەبا و ئاوەوە دەناڵێنن.

دەسەڵاتدارانی ئێران داوایان لە دانیشتووانی ئەو ناوچانە کردووە کە لە کاتەکانی لوتکەی بەکارهێنانی کارەبادا، کە لە کاتەکانی پێشنیوەڕۆی درەنگەوە تاوەکو ئێوارە دەستپێدەکات، لانیکەم بۆ ماوەی یەک کاتژمێر ئامێرەکانی ساردکەرەوە بکوژێننەوە، بە مەبەستی دابینکردنی وزە بۆ ئەو ناوچانەی کە ژێرخانی کارەبایان راستەوخۆ زیانی بەرکەوتووە.

هێرشەکان بۆ سەر بەندەر عەباس

هێزە ئەمریکییەکان لە ماوەی رابردوودا هێرشە ئاسمانییەکانیان بۆ سەر پێگە و دامەزراوەکانی شاری بەندەر عەباس چڕکردووەتەوە، کە بنکە دەریاییەکان و دامەزراوە سەربازییە گرنگەکانی ئێرانی نزیک لە گەرووی هورمزی تێدایە.

لەو هێرشانەدا پردێکی سەرەکیش کە شارەکە بە ناوچەکانی ناوەوەی ئێران دەبەستێتەوە کراوەتە ئامانج. واشنتن دەڵێت ئامانجی ئەم هەڵمەتە سەربازییە بریتییە لە لاوازکردنی تواناکانی ئێران لە هەڕەشەکردن بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان.

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە کە زیانێکی زۆر بە رێگاوبان و دامەزراوەکانی شارەکە گەیشتووە. لە بەرامبەردا فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاندووە کە بەردەوام دەبن لە لێدانی ئەو شوێنانەی پەیوەندییان بە مووشەک، فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و بەرگرییە کەناراوەکانی ئێرانەوە هەیە.

داواکاریی کوژاندنەوەی ئامێرەکانی ساردکەرەوە، ئاستی کاریگەریی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان نیشان دەدات کە لە بە ئامانجگرتنی بنکە سەربازییەکانەوە گۆڕاوە بۆ لێدانی ژێرخانی خزمەتگوزاریی شارەکان. لە باشووری ئێرانیش کە بە گەرماکەی ناسراوە، پچڕانی کارەبا تەنیا پەککەوتنی خزمەتگوزاری نییە، بەڵکو مەترسییەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ژیانی منداڵان و بەساڵاچووان و نەخۆشەکان.

تاران هەوڵ دەدات ئازاری مەدەنییەکان بەکاربهێنێت بۆ ئەوەی هێرشەکانی ئەمریکا وەک "شەڕ دژی ژیانی رۆژانەی ئێرانییەکان" نیشان بدات، لە کاتێکدا واشنتن جەخت دەکاتەوە کە ئۆپەراسیۆنەکانیان تەنیا توانا سەربازییەکان و هێڵەکانی دابینکردن دەکاتە ئامانج کە بۆ هەڕەشەکردن لە گەرووی هورمز بەکاردێن.