چین و پاکستان داوای راگرتنی دەستبەجێی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکەن

وەزیرانی دەرەوەی چین و پاکستان لە شاری شانگهای کۆبوونەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی خراپبوونی بارودۆخی سەربازی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران. هەردوولا داوای راگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانیان کرد و جەختیان لەوە کردەوە کە پێویستە هەموو لایەک پابەندی یاداشتی لێکتێگەیشتنی پێشوو بن

هەینی 17ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی دەرەوەی چین راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، وانگ یی، وەزیری دەرەوەی، لەگەڵ ئیسحاق دار، جێگری سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی پاکستان لە شاری شانگهای کۆبووەوە.

بەپێی راگەیەندراوی وەزارەتی دەرەوەی چین، هەردوولا نیگەرانیی قووڵی خۆیان بەرامبەر پەرەسەندنی گرژییەکان نیشان دا و داوایان لە لایەنە شەڕکەرەکان کرد "دەستبەجێ کردەوە دوژمنکارییەکان رابگرن و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان و گفتوگۆ بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی گشتگیر دەست پێ بکەنەوە."

وانگ یی لە میانی کۆبوونەوەکەدا جەختی کردەوە، ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنەی قۆناخی یەکەم کە لە نێوان واشنتن و تاراندا هاتبووە ئاراوە، "بە زەحمەت بەدەست هاتووە" و بەرهەمی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان و بەتایبەتی رۆڵی گرنگی پاکستان بووە لە نێوەندگیریدا.

وەزیری دەرەوەی چین گوتی: "ناوەڕۆکی ئەو یاداشتە خزمەت بە بەرژەوەندیی درێژخایەنی هەموو لایەک دەکات و دەبێت وەک دەستکەوتێکی گرنگ بپارێزرێت. ئاشتی لە هەموو کاتێک نزیکترە و نابێت رێگە بدەین لە دەستمان دەربچێت."

لای خۆیەوە، ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، کورتەیەکی لەبارەی دوایین هەوڵەکانی وڵاتەکەی بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە خستەڕوو و سوپاسی چینی کرد بۆ پشتیوانییە بەردەوامەکانی؛ هەروەها جەختی کردەوە پاکستان سەرەڕای هەموو ئاڵنگەرییەکان، بەردەوام دەبێت لە کارکردن بۆ سەرخستنی گفتوگۆکانی ئاشتی و گەڕاندنەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە.

چین و پاکستان وەک دوو هاوپەیمانی نزیک دووپاتیان کردەوە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت هاوکار بێت بۆ ئەوەی واشنتن و تاران پابەندی بەڵێنەکانیان بن، چینیش بەڵێنی دا کە بە شێوازێکی بنیاتنەر رۆڵ بگێڕێت لە کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکاندا.