سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان: ئەم هێرشانە هەڕەشە لە سەقامگیریی وڵات دەکەن

سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا بە تووندی سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەم هێرشانە هەڕەشەیەکی راستەوخۆن بۆ سەر سەقامگیریی وڵات.

ئەمڕۆ هەینی، 17ـی تەمموزی 2026، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، بەئامانجگرتنی هەرێمی کوردستان و دەستپێکردنەوەی توندوتیژی، پەرەسەندنێکی مەترسیدار و پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی عێراقە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە "ئەم هێرشانە هەڕەشە لە سەقامگیریی وڵات دەکەن و کۆسپ دەخەنە بەردەم هەوڵەکانی ئاشتی لە ناوچەکەدا."

ئەم هەڵوێستەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە دێت، کە ئەم بەیانییە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان کرانە ئامانجی هێرشی مووشەکی.