جەلال رەشیدی: بەهۆی گەرماوە ئەمریکا هێرشی زەمینی بۆسەر ئێران دواخستووە

جەلال رەشیدی کوچی، پەرلەمانتاری پێشووی ئێران رایگەیاند، هێرشی زەمینی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ سەر خاکی ئێران بووەتە پرسێکی حەتمی.

هەینی 17ـی تەممووزی 2026، جەلال رەشیدی کوچی، پەرلەمانتاری پێشووی ئێران لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، چڕبوونەوەی هێرشەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا بۆ سەر ناوچەکانی باشوور، لە چوارچێوەی ئامادەکارییە بۆ هەر جوڵەیەکی زەمینی بۆ سەر خاکی ئێران.  

ناوبراو دەڵێت: "بەرزیی پلەکانی گەرما هۆکاری سەرەکیی دواکەوتنی دەستپێکردنی ئەم ئۆپەراسیۆنەیە"، هەروەها جەختی کردەوە، ئامانج لە هێرشەکانی سەر ناوچە کەناراوەکانی باشووری ئێران، ئامادەکارییە بۆ ئەو هێرشە زەمینییە.

رەشیدی کوچی هیچ بەڵگەیەکی بۆ پاڵپشتیی هەڵسەنگاندنەکانی نەخستووەتە روو، هاوکات هیچ سەرچاوەیەکی فەرمیی ئەمریکیش بوونی پلانێکی لەو شێوەیەی بۆ هێرشی زەمینی پشتڕاست نەکردووەتەوە.

ئەم پێشبینییانە لە کاتێکدا دێن، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا، ناوچەکانی باشووری ئێران و ناوچە کەناراوەکانی سەر گەرووی هورمز چەندین جار لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە کراونەتە ئامانج.