سبەی دادگایی نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بەڕێوە دەچێت
بڕیارە رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە، 19 و 20ـی تەممووزی 2026، دادگای کەتنی کەرکووک 11یەمین دانیشتنی تایبەت بە دوو سکاڵای دژی محەمەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بەڕێوە ببات، ئەم دانیشتنەش دوای ئەوە دێت کە دۆسیەکە لە دادگای دووبزەوە بۆ ناو شاری کەرکووک گواستراوەتەوە.
ئەمڕۆ شەممە، 18ـی تەممووزی 2026، محەمەد ئەمین، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان بە کوردستان24ـی راگەیاند "دوو سکاڵام لەسەر تۆمارکراوە، یەکێکیان لەلایەن ئەو سەربازەوەیە کە ملپێچەکەی راکێشام، ئەوی دیکەش لەلایەن فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی کەرکووک سەر بە وەزارەتی بەرگریی عێراقەوە تۆمارکراوە."
سەبارەت بە گواستنەوەی شوێنی دادگاییکردنەکە، نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان گوتی "دادگاییەکە لەسەر داوای سکاڵاکاران گواستراوەتەوە بۆ کەرکووک، هەرچەندە ئێمە پێمان باش نەبوو و دەبوو لە دووبز بەڕێوە بچێت، بەڵام ئەوان دەیانەوێت بەم هەنگاوە دۆسیەکە دوا بخەن، بڕیاریشە لەم دوو رۆژەدا دوو دانیشتنی تایبەت بەو دۆسیەیە بەڕێوەبچێت."
ئاماژەی بەوەش کرد، دادوەر دۆسیەکەی لەسەر بنەمای ماددەی 229ـی یاسای سزادانی عێراقی گۆڕیوە و گوتی "ئەوان بانگەشەی ئەوە دەکەن کە گوایە من سوکایەتیم بە هێزە سەربازییەکان کردووە، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەوان پەلاماری منیان دا، ئەو گرتە ڤیدیۆییەی لە کاتی رووداوەکەدا لەلایەن کوردستان24ەوە تۆمار کراوە کە بەشانازییەوە سوپاسیان دەکەم، بۆ من بووەتە بەڵگەیەکی حاشاهەڵنەگر و لە دادگادا پێشکەشی دەکەم بۆ سەلماندنی رەفتاری سەربازەکان؛ چونکە لەو کاتەدا من لەژێر پەستاندا بووم و تەنانەت نەمدەتوانی هەناسەش بدەم، چ جای ئەوەی جنێو بدەم."
محەمەد ئەمین باسی لە پرۆسەی دادگاییکردنەکە لە قۆناخی پێشوودا کرد و رایگەیاند "لە دادگای دووبز زۆر هەوڵمان دا بڕیار لەسەر دۆسیەکە بدرێت، بەڵام لایەنی بەرامبەر دواین دەخست. ئێستا دۆسیەکە هاتووەتە دادگای کەتن و سبەی لەوێ ئامادە دەبین، هێزە سەربازییەکان وەڵامی داواکارییەکانی دادگا نادەنەوە، بۆیە تا ئێستا دۆسیەکە هیچ گۆڕانکارییەکی ئەوتۆی تێدا نەکراوە."
هەروەها نوێنەری جووتیارانی سەرگەڕان گەشبینی خۆی نیشان دا و گوتی "پێشبینی دەکەم لەم دۆسیەیەدا بێتاوان دەرچم، بەڵام لەکۆتاییدا بڕیارەکە لای دادوەرە، هیوادارم دادوەر راستییەکان ببینێت و بە شێوازێکی دادپەروەرانە بڕیاری کۆتایی بدات."
دووشەممە 17ـی شوباتی 2025، سوپای عێراق لە گوندی شەناغە، هەوڵیاندا رێگریی لە کێڵانی زەویی جووتیارانی کورد بکەن، جووتیارانیش رووبەڕوویان بوونەوە و گوێیان بە هەڕەشەکانی سوپا نەدا و دەستیان بە کێڵانی زەوییەکانیان کرد. دواتر سوپای عێراق ئاماژەیان بەوە کرد، بڕیاریان بۆ هاتووە رێگریی لە جووتیارانی کورد بکەن لەوەی زەوییەکانیان بکێڵن.
هەروەها ئەو گرتە ڤیدیۆییەی لەلایەن کوردستان24 بڵاو کرایەوە، سۆشیال مێدیای تەنی و کاردانەوەیەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، لە گرتە ڤیدیۆکەدا، سەربازێکی سوپای عێراق جووتیارەکەی لەسەر تراکتۆرەکەی بە ملپێچەکەیەوە رادەکێشا بۆ ئەوەی رێگریی لێ بکات لە کێڵانی زەوییەکەی، بەڵام جووتیارەکە سەرەڕای ئەوەی خەریک بوو بخنکێ، ئامادە نەبوو واز لە کێڵانی زەوییەکەی بهێنێت و گوتی: "وەڵڵا لەسەر تراکتۆرەکەم دانابەزم".