گەشتی فڕۆكەخانەکانی هەولێر و سلێمانی ئاسایین

گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەکانی هەولێر و سلێمانی ئاساییە، تەنیا چەند کۆمپانیاییەک گەشتەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە. 

دوای هێرشەکانی دوێنی شەو بۆ سەر هەولێر و سلێمانی، چەند کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی گەشتەکانیان لە هەولێر و سلێمانی هەڵوەشاندەوە، بەڵام گەشتەکان ئاسایین و ئاسمان دانەخراوە. 

ئەحمەد هۆشیار بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، گەشتەکانی فڕۆکەخانەی هەولێر ئاسایین و هیچ گۆڕانکارییەک لە خشتەکان نەکراوە، دوێنی شەو بۆ ماوەی سێ کاتژمێر هیچ گەشتێک لە خشتەکاندا نەبووە، بۆیە لەو ماوەیەدا جووڵەی ئاسمانی لە فڕۆکەخانە نەبووە. 

هەرچی پەیوەستە بە فڕۆکەخانەی سلێمانی، بەهەمان شێوە گەشتەکان ئاسایین و تەنیا چەند کۆمپانیایەک گەشتەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە. 

بەپێی خشتەی گەشتکردنی هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و سلێمانی، کۆمپانیاکانی؛ پێگاسۆس، تورکیش ئێرلاین، ئەنادۆل جێت و  رۆیال جۆردەنیان، گەشتەکانیان هەڵوەشاندووەتەوە.