ئەمریکا بۆ هاووڵاتییانی: گەشت بۆ ئیسرائیل مەکەن

بەیانی ئەمڕۆ شەممە، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە تەلئەڤیڤ هۆشدارییەکی بەپەلەی بۆ هاووڵاتییانی بڵاوکردەوە سەبارەت بە گەشتکردن بۆ ئیسرائیل و ناوچەکە، ئەمەش بەهۆی گرژییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ئەمڕۆ شەممە، 18ةی تەممووزی 2026، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەئیسرائیل لە پلاتفۆرمی ئێکس ئاماژەی بەوە کردووە، دۆخی ئەمنی بە ئاڵیۆزی ماوەتەوە و ئەگەری پەرەسەندنی چاوەڕواننەکراو لەئارادایە. داواشی لە هاوولاتییانی کردووە بەردەوام چاوکراوە بن، چاودێری هەواڵەکان بکەن و پێش گەشتەکانیان پەیوەندیی بە کۆمپانیاکانی فڕینەوە بکەن بۆ دڵنیابوونەوە لە بەردەوامی گەشتەکانیان.

ئەم هۆشدارییە ئەمریکا لە دوای هێرشەکانی بۆ  سەر ئێران دێت. لە بەرامبەریشدا ئێران هێرشی کردووەتە سەر هاوپەیمانەکانی ئەمریکا لە کەنداو، تێیدا ژێرخانی ئابووری کراوەتە ئامانج و هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز تووشی پەککەوتن بووە.

لە نوێترین پێشهاتیشدا، هێزەکانی مارێنزی ئەمریکا چوونەتە سەر کەشتییەکی نەوتهەڵگر لە نزیک گەرووی هورمز. لە کاتێکدا میدیاکانی ئێران باس لە تەقینەوەی دوو کەشتی دەکەن لەو ناوچەیە، سوپای ئەمریکا ئەو هەواڵانە رەتدەکاتەوە. هاوکات لە کەناراوەکانی یەمەنیش دەست بەسەر کەشتییەکی دیکەدا گیراوە کە ترسی لەسەر ئاسایشی دەریای سوور دروست کردووە.

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاندووە، تا هێرشەکانی ئەمریکا بەردەوام بن، رێگە نادەن تەنانەت یەک دڵۆپ نەوت و گاز لە ناوچەکە هەناردە بکرێت. هەروەها رایانگەیاندووە، چوار کەشتی سەرپێچیکاریان لە گەرووی هورمز لە رێگەی مووشەک و درۆنەوە راگرتووە.

لە لایەکی دیکەوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هەڕەشەی هێرشی ئاسمانی بەرفراوان بۆ سەر ژێرخانی ئێران دەکات و ئەگەری هێرشی زەوینی بۆ سەر کەناراوەکانی ئەو وڵاتە بەدوور نازانێت.