کازم غەریبئابادی: پابەندییەکانمان لە یاداشتی ئیسلامئاباد لەگەڵ ئەمریکا راگرت
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ کاروباری یاسایی، رایگەیاند، وڵاتەکەی بە تەواوی جێبەجێکردنی پابەندییەکانی لە چوارچێوەی "یاداشتی لێکتێگەیشتنی ئیسلامئاباد" راگرتووە؛ هاوکات واشنتنی تۆمەتبار کرد بەوەی کە لە رێگەی هێرشە سەربازییەکانەوە رێککەوتنەکەی تێکداوە و هۆشداری دا کە ئێستا ئەولەویەتی تاران تەنیا "بەرگریی و وانەدانە بە هێرشکەران.
شەممە 18ـی تەممووزی 2026، بەپێی راپۆرتێکی ئاژانسی ئیسنای ئێرانی، کازم غەریبئابادی، جێگری وەزیری دەرەوە، ئاشکرای کرد، چیتر ئێران خۆی بە پابەند نازانێت بەو رێککەوتنەی کە پێشتر لەگەڵ ئەمریکا واژۆ کرابوو؛ گوتیشی: "ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە کردەوە سەربازییەکانی، هەموو بەڵێنەکانی خۆی لە چوارچێوەی یاداشتی ئیسلامئاباد پێشێل کردووە، بۆیە ئێمەش تەواوی پابەندییەکانمان راگرتووە و ئێستا خەریکی بەرگریین لە خاکی وڵاتەکەمان."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بوونی هەر پەیوەندییەک لەگەڵ ئەمریکا بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستان، غەریبئابادی ئاماژەی دا، "ئێمە لە ناو دانوستاندا بووین، بەڵام بەداخەوە ئەمریکییەکان پەنایان بۆ هێرشبردن برد. وەڵامی ئێمە بۆ ئەوان روون و یەکگرتووە؛ بەرگری لە وڵات بە هەموو هێزێکەوە."؛ هاوکات جەختی کردەوە، "ئەمریکییەکان ئەگەر ژیر بن، دەبێت رێگەیەک جگە لە بژاردەی سەربازی و شەڕ هەڵبژێرن، چونکە ئەم رێگەیە هیچ ئەنجامێکی نابێت."
جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران باسی لەوەش کرد، سوپای وڵاتەکەی و سوپای پاسداران لە ئامادەباشی تەواودان و "تاوەکو ئێستا ئەمریکا وەڵامی کردەوەکانی وەرگرتووە، بەڵام وەک پێشتریش گوتوومانە، هەر هەوڵێکی نوێ باجێکی قورسی بۆ ئەوان دەبێت. ئێمە لەم قۆناخەدا تەنیا یەک رێگەمان لەبەردەمدایە، ئەویش پاراستنی سەروەریی وڵات و وانەدانە بەوانەی هێرش دەکەنە سەر ژێرخانەکانمان."