سێنتکۆم: لە هێرشێکی مووشەکیی ئێراندا بۆ سەر ئوردن 6 سەربازمان بوونەتە قوربانی
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، لە کاتی بەرپەرچدانەوەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێران لە خاکی ئوردن، دوو سەربازی وڵاتەکەیان لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانیاندا کوژراون. سێنتکۆم ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەربازێکی دیکەیان بێسەروشوێن بووە و چوار سەربازیش بریندار بوون.
شەممە 18ی تەممووزی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا راگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، دوێنێ هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی لە ئوردن رووبەڕووی شەپۆلێکی توندی هێرشی مووشەکی بالیستی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێران بوونەتەوە. لە کاتی بەرگریی ئاسمانی بۆ پاراستنی ناوچەکە، دوو سەربازی ئەمریکی گیانیان لەدەستداوە و سەربازێکی دیکەش بێسەروشوێن بووە.
سێنتکۆم ئاشکرای کرد، چوار سەربازی دیکە بەهۆی برینەکانیانەوە بە پەلە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکانی وڵاتی ئوردن، بەڵام ئێستا باری تەندروستییان جێگیرە و لە نەخۆشخانە دەرچوون. هەروەها ژمارەیەک سەربازی دیکە برینەکانیان سووک بووە، دوای پشکنینی پزیشکی گەڕاونەتەوە سەر کارەکانیان.
لە راگەیەندراوەکە جەخت کراوەتەوە، کە وەک رێزێک بۆ خێزان و کەسوکاری قوربانییەکان، سێنتکۆم هیچ زانیارییەک لەبارەی ناسنامەی ئەو سەربازانە بڵاو ناکاتەوە تاوەکو 24 کاتژمێر بەسەر ئاگادارکردنەوەی فەرمیی خێزانەکانیاندا تێنەپەڕێت.
رۆژی هەینی سوپای پاسدارانی ئێران (IRGC) رایگەیاندبوو، لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئێران، بنکە سەربازییەکانی ئەو وڵاتەیان لە ئوردن بە مووشەک و درۆن کردووەتە ئامانج. سوپای پاسداران لە راگەیەندراوێکدا باسی لەوە کردبوو، "چەندین فڕۆکەی تانکەری سووتەمەنی و فڕۆکەی جەنگی ئەمریکا"یان تێکشکاندووە و زیانی گەورەیان بە ژمارەیەکی دیکەش گەیاندووە.