موجتەبا خامنەیی: نابێت رێگە بدرێت دوژمن یەکڕیزیمان تێکبدات
رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە پەیامێکدا سەبارەت بە پرسە گرنگەکانی وڵاتەکەی رایگەیاند، پێشێلکردنی رێککەوتننامەی واژۆکراوی نێوان هەردوو وڵات لەلایەن واشنتنەوە، جارێکی دیکە بێبایەخیی واژۆی سەرۆکی ئەمریکای بۆ هەموان سەلماند.
شەممە 18ـی تەممووزی 2026، موجتەبا خامنەیی رێبەری باڵای ئێران لە نوێترین پەیامیدا رایگەیاند،"پێشێلکردنی متمانە و بەڵێنەکان لەلایەن ئەمریکا، نیشانەی ئەوەیە کە زۆرداری، پاوانخوازی و شەڕانگێزی بەشێکی دانەبڕاون لە شێواز و رەفتاری ئەمریکا." هەروەها گوتیشی، گەلی ئێران و بەرەی مقاوەمە وانەی لەبیرنەکراو بە ئەمریکا دەدەن، وەک چۆن لەم رۆژانەدا بوێریی جەنگاوەرانی ئیسلام و غیرەتی خەڵکی ئازای باشوور نموونەی ئەو وانانەیان نیشان دا.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، خامنەیی جەختی لە پرسی یەکڕیزیی نیشتمانی کردەوە و رایگەیاند، یەکگرتوویی لە هەموو ئاستەکاندا بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکانی شۆڕش و دابینکردنی سەربەخۆیی ئێران لە بەرامبەر ئەمریکا، ئەرکێکی پیرۆز و حەتمییە، ئاماژەی بەوەش کرد، متمانەکردن بە بەرپرسانی دڵسۆز لە هەرسێ دەسەڵاتەکە، پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران مسۆگەر دەکات.
سەبارەت بە رەخنەگرتن لە دەسەڵات، رێبەری ئێران گوتی: "رەنگە کەسانێک لەسەر بنەمای دڵسۆزی رەخنەیان لە کارکردنی هەندێک بەرپرس هەبێت، بەڵام پێویستە ئەم رەخنانە نەبنە هۆی نادادپەروەری بەرامبەر کەسانی بێتاوان و نابێت یەکڕیزیی کۆمەڵایەتی تێک بدەن." جەختیشی کردەوە، نابێت هیچ نیشانەیەکی لاوازی لەلایەن گەلی ئێرانەوە بگاتە دەست دوژمن.
خامنەیی ستایشی رێوڕەسمی بەڕێکردنی تەرمی بەرپرسانی وڵاتەکەی کرد و بە ساتێکی مێژوویی وەسفی کرد، کە تیایدا دەیان ملیۆن کەس لە تاران، قوم، مەشهەد و شارەکانی دیکە بەشدارییان تێدا کرد و بووە هۆی سەرسوڕمانی جیهان و تووڕەیی و ترس لای دوژمنان.
لە کۆتاییدا، رێبەری ئێران سوپاسی مەرجەعەکانی تەقلید، زانایان، نوخبەکان و تەواوی هێزە چەکدارەکان و نوێنەرانی بەرەی مقاوەمەی کرد بۆ بەشدارییان لەم ساتە مێژوویی و گرنگە و هیوای خواست ئەم یەکڕیزییە ببێتە مایەی سەرکەوتنی زیاتر بۆ وڵات.