وەزارەتی کارەبای عێراق: بەهۆی جەنگی ناوچەکە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا کەمی کردووە
وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، بەهۆی چەند هۆکارێکی نائاسایی و جەنگی ناوچەکە، هەناردەی گاز کەمی کردووە و ئەمەش کاریگەری کردووەتە سەر کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 19ـی تەمموزی 2026 ئەحمەد تورکی جیاد، گوتەبێژی فەرمی وەزارەتی کارەبای عێراق لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: ئاگاداری ئەو ناڕەحەتیانەین کە هاووڵاتییان بەدەستیەوە دەناڵێنن بەهۆی کەمبوونەوەی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە پارێزگاکاندا، بەتایبەت لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما و زیادبوونی خواست لەسەر وزە.
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا تۆڕی نیشتمانیی کارەبا لە دۆخێکی نائاساییدایە و چەند ئاڵنگارییەک روویان تێکردووە، لەوانە: کەمبوونەوەی دابینکردنی گاز بەهۆی جەنگی ناوچەکە، بەرزبوونەوەی بەرچاوی بارگرانی سەر تۆڕەکان، بەردەوامیی سەرپێچییەکان بۆ سەر تۆڕی کارەبا و کۆنیی بەشێک لە ژێرخانەکان، جگە لەوەی پێویستییان بە بودجەی زیاتر هەیە بۆ نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی پڕۆژەکان.
ئەحمەد تورکی باسی لەوەش کرد، سەرەڕای ئەو ئاستەنگانە، تیمەکانی وەزارەت لە هەموو پارێزگاکان شەو و رۆژ دەخەنە سەر یەک بۆ جێبەجێکردنی چارەسەری تەکنیکی، زیادکردنی توانای یەکەکانی بەرهەمهێنان و خێراکردنی پڕۆژەکانی گواستنەوە و دابەشکردن، تاوەکو لە زووترین کاتدا سەقامگیری بۆ تۆڕی کارەبا بگەڕێننەوە.
هاوکات گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا داوای لە هاووڵاتییان کرد هاوکار بن لە رێگەی دەستپێوەگرتن بە بەکارهێنانی کارەبا و کەمکردنەوەی بەفیڕۆدان، هەروەها ئاگادارکردنەوەی لایەنە پەیوەندیدارەکان لە بوونی سەرپێچی سەر تۆڕەکان، ئەمەش دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بارگرانی و باشتربوونی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا.