هاتوچۆی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز کەمیکردەوە

بەهۆی زیادبوونی گرژییە سەربازییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران و بەئامانج گرتنی کەشتییەکان، جووڵەی گواستنەوەی دەریایی لە گەرووی هورمز بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە.

بەگوێرەی داتاکانی گرووپی بۆرسەکانی لەندەن (LSEG)، رۆژی یەکشەممە تەنیا چوار کەشتیی بە گەرووی هورمزدا تێپەڕیون، لە کاتێکدا رۆژی پێشتر 8 کەشتی بوون. ئەم ئامارانە کەشتییەکانی گواستنەوەی نەوت، گاز، کەلوپەلی بازرگانی و ماددە کیمیاییەکان دەگرێتەوە.

ئەم پاشەکشەیە لە کاتێکدایە، ئەمریکا گەمارۆی دەریایی خستووەتە سەر بەندەرەکانی ئێران، لە بەرامبەردا تاران جەخت دەکاتەوە کە ئەو کەشتییانە دەکاتە ئامانج کە یاساکانی گواستنەوە لە گەرووەکە پێشێل دەکەن.

لە لایەکی دیکەوە، دەستەی ئۆپەراسیۆنی بازرگانیی دەریایی بەریتانیا رایگەیاند، زانیارییان پێگەیشتووە کە ئاگر لە کەشتییەک کەوتووەتەوە کە تەنیا هەشت میل لە باکووری رۆژئاوای ناوچەی کومزار لە سوڵتاننشنی عومان دوورە، بەڵام تا ئێستا هۆکاری ئاگرەکە روون نییە.

هەر بەگوێرەی داتاکان، لە رۆژی پێنجشەممەی رابردووەوە هیچ کەشتییەکی گواستنەوەی گازی سروشتی (LNG) بە گەرووەکەدا تێنەپەڕیوە، ئەمەش نیشانەی بەرزبوونەوەی ئاستی مەترسییە لای کۆمپانیاکانی گواستنەوە. هەروەها ئاماژە بەوە کراوە کە هەندێک لە کەشتییەکان ئامێری پەیوەندی و دیاریکردنی شوێنی خۆیان کوژاندووەتەوە بۆ ئەوەی رێڕەوی جووڵەیان لە کاتی تێپەڕبووندا ئاشکرا نەبێت.

سەبارەت بە جووڵەی دوایین رۆژەکانیش، لە رۆژی هەینییەوە تەنیا سێ کەشتیی بەرهەمە نەوتییەکان و یەک کەشتی گەورەی گواستنەوەی نەوتی خاو چوونەتە ناو گەرووەکە بە مەبەستی بارکردنی نەوت.

گەرووی هورمز یەکێکە لە گرنگترین رێڕەوە ئاوییەکان و نزیکەی 5/1ـی بازرگانی نەوتی جیهانی پێدا تێپەڕ دەبێت، لە کۆتایی مانگی شوبات و لەگەڵ دەستپێکی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران هەمیشە ئەو گەرووە وەک کارتێکی فشار لەلایەن ئێرانەوە دژ بە ئابووری جیهان بەکار هاتووە.