بەهۆی زیانگەیاندن بە سامانی گشتی بەرپرسێکی دیالە دەستگیر کرا
دەستەی دەسپاکی فیدراڵی عێراق رایگەیاند، بەرپرسێکیان لە ژمێریاریی دیوانی پارێزگای دیالە دەستگیرکردووە کە بەهۆی "کەمتەرخەمی و هەڵەی گەورە" زیانی بە دارایی و بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت گەیاندووە.
رۆژی دووشەممە، 20ی تەممووزی 2026، فەرمانگەی لێکۆڵینەوەی سەر بە دەستەکە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، تیمەکانیان لە نووسینگەی لێکۆڵینەوەی دیالە، بەرپرسی بەشێکیان لە دیوانی پارێزگاکە دەستگیرکردووە، چونکە "گرەنتی بانک"ی (خطاب الضمان) تایبەت بە پڕۆژەی نۆژەنکردنەوە و قیڕتاوکردنی شەقامەکانی شاری بەعقوبەی داوەتەوە بە بەڕێوەبەری کۆمپانیا جێبەجێکارەکە.
وەک لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو بەرپرسە لە کاتێکدا ئەو نووسراوەی داوەتەوە، کە هێشتا پڕۆژەکە بە فەرمی رادەست نەکراوە و سەرپێچی زۆری تێدا بووە، بەڵام تۆمەتبارەکە بانگەشەی ئەوە دەکات کە "بەهەڵە" وایزانیوە پڕۆژەکە بە شێوەی کۆتایی وەرگیراوە و چیتر پێویستیان بەو گرەنتییە نەماوە.
تیمەکانی دەستەی دەسپاکی سەردانی شوێنی پڕۆژەکەیان کردووە و تێبینییان کردووە کە شەقامەکان تەنیا دوای چەند مانگێکی کەم لە قیڕتاوکردنیان، درز و شکانیان تێدا دروستبووە و تێکچوون، ئەمە لە کاتێکدایە پڕۆژەکە بە بڕی 1,261,600,000 (یەک ملیار و 261 ملیۆن و 600 هەزار) دینار بە کۆمپانیایەکی ناوخۆیی سپێردراوە.
دەستەی دەسپاکی ئەوەشی روونکردووەتەوە، پڕۆژەکە بەهۆی هەبوونی کەموکوڕی و زیانی زۆرەوە بە شێوەی کۆتایی وەرنەگیراوە. ئێستاش پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ تۆمەتبارەکە رێکخراوە و رەوانەی لای دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی دەسپاکی لە بەعقوبە کراوە، تاوەکو بەگوێرەی ماددەی 341 لە یاسای سزادانی عێراقی مامەڵەی یاسایی لەگەڵدا بکرێت.
گرەنتی بانکی یان (خطاب الضمان) بریتییە لە بڕە پارەیەک کە وەک گەرەنتی لەلایەن کۆمپانیا جێبەجێکارەکانەوە لە بانک دادەنرێت بۆ دڵنیایی لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بەگوێرەی ستانداردەکان. بەگوێرەی یاسا، حکوومەت تەنیا کاتێک دەتوانێت ئەو گرەنتییە بۆ کۆمپانیا بگەڕێنێتەوە کە پڕۆژەکە بەبێ کێشە و بە شێوەی کۆتایی رادەست کرابێت، تاوەکو ئەگەر پڕۆژەکە کەموکوڕی هەبوو حکوومەت ئەو پارەیە بۆ چاککردنەوەی بەکاربهێنێت. گەڕاندنەوەی ئەو گرەنتییە لەلایەن بەرپرسەکەی پارێزگای دیالە بەرلە وەرگرتنی پڕۆژەکە، وایکردووە حکوومەت ئەو فشارە داراییەی لەسەر کۆمپانیاکە نەمێنێت بۆ چاککردنەوەی ئەو کێشانەی شەقامەکاندا دروستبوون، ئەمەش بە زیانگەیاندنی گەورە بە دارایی گشتی و "کەمتەرخەمی جدی" لە ئەرکی وەزیفیدا دادەنرێت.
ئەو هەنگاوەی دەستەی دەستپاکی لە کاتێکدایە کە لە بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە 28ـی حوزەیرانی 2026، هێزەکانی ئاسایش و دەزگای دژەتیرۆر بە هەماهەنگی لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، ئۆپەراسیۆنێکی بەرفراوانیان بەناوی "هەڵمەتی بەرەبەیان" دەست پێ کرد، هەروەها لەم هەڵمەتەدا ژمارەیەک بەرپرسی باڵا و کەسایەتیی سیاسی دەستگیر کران.