ئەفسەرانی دەزگای ئەنجوومەنی ئاسایش پلەیان بەرز دەکرێتەوە
بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پلە بەرزکردنەوە بۆ ژمارەیەک لە ئەفسەرانی دەزگای ئاسایشی هەرێم دەکرێت.
سەرۆکایەتیی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە نووسراوێک، پاڵپشت بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بڕیاریدا بە بەرزکردنەوەی پلەی 136 ئەفسەر لەسەر میلاکی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان.
ئەم فەرمانە کە واژۆی دکتۆر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی لەسەرە، بە ژمارە 2112 لە رێکەوتی 16ـی ئەم مانگە دەرچووە و سەرجەم پلە جیاوازەکان لە عەقیدەوە تاوەکو ملازم دەگرێتەوە.
ئەم پلەبەرزکردنەوەیە بەگوێرەی یاسای رێژە و خانەنشنیی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی ژمارە 18ـی ساڵی 2011 جێبەجێ دەکرێت. لیستەکە 136 ناو لەخۆ دەگرێت و سەرەتا بە ناوی ئەفسەر پۆڵا ئەحمەد مەجید رەزا دەستپێدەکات و بە ئەفسەر باوان ئەبوبەکر قادر حەمەساڵح کۆتایی دێت، کە سەرجەمیان لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی هەولێر خزمەت دەکەن.
