مەسرور بارزانی پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا دەکات
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، پیرۆزبایی لە ئەندی بێرنهام کرد بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست، هاوکات ئامادەیی هەرێمی کوردستانی بۆ پتەوکردنی هاوبەشی و پەیوەندییە مێژووییەکان لەگەڵ لەندەن دووپاتکردەوە.
دووشەممە 20ـی تەممووزی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ئەندی بێرنهام کرد بەبۆنەی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا.
مەسرور بارزانی لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: پیرۆزبایی لە ئەندی بێرنهام دەکەم بەبۆنەی بوونی بە سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم لە سەرکردایەتیکردنی وڵاتەکەیدا.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان هاوکات سەرنجی خستە سەر پەرەپێدانی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و رایگەیاند: "بە پەرۆشەوە چاوەڕێی کارکردنی پێکەوەیی دەکەم بە مەبەستی زیاتر بەهێزکردنی ئەو هاوبەشی و پەیوەندییە نزیکانەی کە لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیادا هەن."
هەر ئەمڕۆ شا چارڵزی سێیەم، شای بەریتانیا، ئاندی بێرنهام، سەرۆکی نوێی پارتی کرێکاران، بە فەرمی بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێی وڵاتەکە راسپارد، ئەمەش دوای ئەوەی کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی پێشووی دەستی لە کار کشاندەوە.