ترەمپ: ناتانیاهۆ لە ئەمریکا دەستگیر ناکرێت چونكە جەنگی ئێران دەکات

سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامێکدا هۆشداری دایە تاران کە لە بەرامبەر کوشتنی هەر سەربازێکی ئەمریکی چەندین هێندە باج دەدات و فەرمانی جێبەجێکردنی بڕیارەکەی رادەستی وەزیری بەرگری و فەرماندەکان کردووە. هاوکات ئاماژەی دا، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە ئەمریکا دەستگیر ناکرێت و جەختی کردەوە دەبێت سەرکردەکانی ئێران لەسەر دروستکردنی ئەم وێرانکارییە دەستگیر ببن.

دووشەممە 20ـی تەممووزی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی لەبارەی کوژرانی سەربازەکانی لە ناوچەکە لەلایەن ئێرانەوە بڵاو کردووەتەوە و نووسیویەتی: "هەر کاتێک ئێران سەربازێکی ئەمریکی بکوژێت، چەند هێندە باجی ئەو کوشتنە دەداتەوە"

ترەمپ ئاماژەشی داوە، فەرمان بە پیت هیگسێت، وەزیری جەنگ، دان کەین، سوپاسالار و فەرماندە سەربازییەکانی سوپای ئەمریکا کراوە راستەوخۆی ئەو بڕیارە جێبەجێ بکەن بۆ ئەوەی بەپێی پێویست هەنگاو بنێن.

هاوکات پێش پەیامەکەی ترەمپ میدیاکانی ئێران بڵاویان کردبووە، دەنگی چەندین تەقینەوە لە شاری شیراز، خومەین بیستراوە

هەروەها دۆناڵد ترەمپ، لە پەیامێکی دیکەدا دڵنیایی دا بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بە هیچ شێوەیەک لە ناو خاکی ئەمریکادا رووبەڕووی دەستگیرکردن نابێتەوە.

ترەمپ لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "بنیامین ناتانیاهۆ بە هیچ شێواز و شێوەیەک لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکادا دەستگیر ناکرێت، چونکە ئەو جەنگی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات."

سەرۆکی ئەمریکا تاران بەوە تۆمەتبار دەکات کە کوژرانی 52 هەزار خۆپیشاندەری بێتاوان لە ئەستۆ دەگرێت و بۆ ماوەی 47 ساڵە بەردەوامە لە کوشتنی سەربازانی ئەمریکی و لایەنەکانی دیکە.

ترەمپ لە درێژەی پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوە کردووە، تەنیا کەسانێک کە پێویستە دەستگیر بکرێن ئەو سەرکردانەن کە ئێرانیان بەرەو ئەم بازنە بێپێشینەیەی "مەرگ و وێرانکارییە" بردووە؛ پرسێک کە بە گوتەی ترەمپ دەبوو ساڵانێک لەمەوبەر لە لایەن سەرۆکەکانی پێشووی ئەمریکاوە چارەسەر بکرایە.