دەستەی دەریایی بەریتانیا: کەشتییەک لە نزیک کەناراوەکانی ئیمارات کرایە ئامانج

دەستەی گواستنەوەی دەریایی بەریتانیا رایگەیاند، کەشتییەک لە نزیک کەناراوەکانی دەوڵەتی ئیمارات رووبەڕووی هێرش بووەتەوە.

دووشەممە 20ـی تەممووزی 2026، ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" لە زاری ئەو دەستەیەوە بڵاوی کردەوە، زانیارییان پێگەیشتووە دەربارەی رووداوێک لە دووری 17 میلی دەریایی لە رۆژهەڵاتی ناوچەی (دبا) لە ئیمارات، بەگوێرەی زانیارییەکان، کاپتنی کەشتییەکە رایگەیاندووە، کەشتییەکەیان هێرشی کراوەتە سەر.

هەر ئەمڕۆ دووشەممە، پێشتر دەستەیەکی دیکەی دەریایی بەریتانی بڵاوی کردبووەوە، کەشتییەکی دیکە لە کاتی تێپەڕبوونی لە دووری 8 میلی دەریایی لە باکووری رۆژئاوای ناوچەی (کەمزار) لە سەڵتەنەتی عومان، کراوەتە ئامانج.

ئەم رووداوانە دوای ئەوە دێن، رۆژی یەکشەممە، سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، لە گەرووی هورمز دوو کەشتییان کردووەتە ئامانج، هەروەها ئاماژەی بەوە کردبوو، دوای ئاگادارکردنەوەیان، دوو کەشتی دیکەش لە بڕیاری تێپەڕبوون بە گەرووەکە پاشەکشەیان کردووە.

لە لایەکی دیکەوە، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رۆژی شەممەی رابردوو رایگەیاند، لە 18ـی تەممووزەوە رێڕەوی 5 کەشتیی بازرگانییان گۆڕیوە و رێگرییان لە یەک کەشتی کردووە، جەختیشیان کردەوە، هێزەکانی ئەمریکا بەردەوامن لە جێبەجێکردنی گەمارۆیەکی توندی دەریایی بەسەر ئێراندا.