دوای 156 ساڵ رووداوێکی مێژوویی لە کۆشکی سپی تۆمار دەکرێت

لە رووداوێکی بێپێشینەدا کە لە دوای ساڵی 1870ەوە نه‌بینراوه‌، جەی دی ڤانس جێگری سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا رایگەیاند، چوارەم منداڵی بنەماڵەکەیان بە ناوی ئەلیک نیل ڤانس لەدایکبووە.

ئەم لەدایکبوونە وەک رووداوێکی مێژوویی لە قەڵەم دەدرێت، چونکە ڤانس دەبێتە یەکەم جێگری سەرۆک لە ماوەی پتر لە سەدەیەک و نیودا کە لە کاتی دەسەڵات و لەسەرکاربوونیدا ببێتە خاوەنی منداڵ. دوایین جار کە جێگرێکی سەرۆک لە کاتی مانەوەی لە پۆستەکەیدا منداڵی ببوو، دەگەڕێتەوە بۆ 156 ساڵ لەمەوبەر.

لەم چوارچێوەیەدا، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە گەرمی پیرۆزبایی لە جێگرەکەی کرد. ترەمپ وێنەیەکی کۆرپە نوێیەکەی بڵاوکردەوە و لە پەیامێکدا نووسیویەتی: پیرۆزبێت لەدایکبوونی کۆرپەیەکی جوان بۆ بنەماڵەی ڤانس.

جەی دی ڤانس خۆی یەکێکە لە پارێزەرە سەرسەختەکانی هاندانی ئەمریکییەکان بۆ زۆربوونی نەوە و هێنانەدی منداڵی زیاتر. ڤانس پێشتر چەندین جار هۆشداریی دابوو لە مەترسییەکانی دابەزینی رێژەی لەدایکبوون لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و جەختی لەسەر گرنگیی بنەماڵە بەهێزەکان کردبووەوە.