پێنتاگۆن: 100 سەربازمان لە هێرشکانی ئێراندا بریندار بوون
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا برینداربوونی 100 سەرباز و کوژرانی سێ سەربازی لە گرژییەکانی ئەم مانگەی نێوان ئەمریکا و ئێران راگەیاند.
شۆن پارنێڵ، گوتەبێژی وەزارەتی جەنگی ئەمریکا (پێنتاگۆن) لە لێدوانێکدا بۆ تۆڕی هەواڵی "سی ئێن ئێن"ـی ئەمریکی رایگەیاند، لە سەرەتای ئەم مانگەوە بەهۆی پێکدادانەکان لەگەڵ ئێران، سەرەڕای کوژرانی سێ سەربازیان، 100 سەربازی دیکەش برینداربوون.
گوتەبێژەکەی پێنتاگۆن روونیشی کردەوە، زۆربەی سەربازەکان برینەکانیان سووک بووە، بۆیە دوای وەرگرتنی چارەسەری پێویست گەڕاونەتەوە سەر ئەرکەکانیان.
هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا هۆشدارییەکی توندی داوەتەوە ئێران و رایگەیاندووە، هەر جارێک سەربازێکی ئەمریکی بکوژن، باجەکەی چەندین هێندە دەدەن.
گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران پێیان ناوەتە قۆناخێکی مەترسیدارەوە و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران رایگەیاندووە، وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمریکا لە "جەنگێکی گشتگیر"ـدایە.
نزیکەی مانگێکە، ئەمریکا رۆژانە پرد، بنکە سەربازییەکان، رادار و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی سوپای پاسداران لە باشووری ئێران دەکاتە ئامانج.
تارانیش لە وەڵامی ئەو هێرشانەدا، رۆژانە هێرش دەکاتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە وڵاتانی کەنداو، هەرێمی کوردستان و ئوردن.