ئەمریکا ناسنامەی ئەو سەربازەی لە هەولێر کوژرا ئاشکرا کرد
وەزارەتی جەنگی ئەمریکا کوژرانی سەربازێکی وڵاتەکەی بە ناوی مایکل ئیمانوێل سوینتۆن لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر پشڕاست کردەوە.
سێشەممە 21ـی تەممووزی 2026، وەزارەتی جەنگی ئەمریکا بە فەرمی کوژرانی سەربازێکی هێزە چەکدارەکانی وڵاتەکەی لە کاتی پاڵپشتیکردنی ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی وڵات لە هەرێمی کوردستان راگەیاند و ناسنامەکەشی ئاشکرا کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، سەربازەکە ناوی مایکل ئیمانوێل سوینتۆنە و تەمەنی 30 ساڵ بووە و خەڵکی شاری فایێتڤیلی ویلایەتی کارۆلاینای باکوورە بووە. ناوبراو لە 19ـی تەممووزی 2026 لە بنکەی ئاسمانیی هەولێر لە هەرێمی کوردستان، لە کاتی ئامادەکاری بۆ تەقاندنەوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تێکشکاو کوژراوە.
مایکل ئیمانوێل سەر بە فەوجی 55ی بەرگریی ئاسمانیی سوپای ئەمریکا بووە لە بنکەی فۆرت براگ لە کارۆلاینای باکوور. وەزارەتی جەنگ ئاماژەی بەوە کردووە رووداوەکە لە ژێر لێکۆڵینەوەی ورددایە بۆ دیاریکردنی هۆکارەکانی تەقینەوەکە.
یەکشەممە 19ـی تەممووزی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) ڕایگەیاندبوو، تەقەمەنیی پاشماوەی درۆنێکی ئێرانی بە سەربازێکی ئەمریکیدا لە هەرێمی کوردستان تەقیوەتەوە و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی، هاوکات لە هەمان رووداودا سەربازێکی دیکەی ئەمریکی بریندار بووە و ئێستا چارەسەری پزیشکیی پێویست وەردەگرێت.
سێنتکۆم ئاماژەی بەوە کردبوو، کە لەبەر ڕێزگرتن لە خێزانی سەربازە کوژراو و بێسەروشوێنبووەکان، لە کاتی پڕۆسەی فەرمیی ئاگادارکردنەوەی بنەماڵەکانیاندا، ئێستا هیچ زانیارییەکی زیاتر یان ناسنامەی ئەو سەربازانە بڵاو ناکاتەوە.