بەهۆی نقومبوونی کەشتیەک دەیان کەس گیانیان لەدەستدا
حکوومەتی وڵاتی گویانا رایگەیاند، لانی کەم 53 کەس لە ئەنجامی نوقمبوونی کەشتییەکی گواستنەوە لە نزیک گیۆرجتاونی پایتەخت گیانیان لەدەستداوە، بەرپرسانی وڵاتەکە ئاماژە بەوە دەکەن، پێدەچێت ژمارەی قوربانییان زیاتر بەرزتر بێتەوە، بەهۆی ئەوەی تا ئێستاش ژمارەیەکی زۆر لە سەرنشینان بێسەروشوێنن.
بەپێی راگەیەندراوێکی سەرۆکوەزیران، مارک فیلیپس، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، تاوەکو ئێستا 76 کەس رزگارکراون و تیمەکانی فریاکەوتن بەردەوامن لە گەڕان بەدوای بێسەروشوێنبوواندا، ئەمەش لە کاتێکدایە کە پێشتر ئامارە فەرمییەکان باسیان لە گیانلەدەستدانی 41 کەس و رزگارکردنی 77 کەس دەکرد.
هەروەها ژمارەی دروستی ئەو سەرنشینانەی لەسەر پشتی کەشتییەکە بوون، بووەتە جێی سەرنجی میدیاکان؛ سەرەڕای ئەوەی لە لیستی فەرمیی گەشتەکەدا تەنیا ناوی 133 کەس تۆمارکرابوو، بەڵام لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان دەریانخستووە کە لە کاتی بەڕێکەوتندا 179 کەس لەسەر کەشتییەکە بوون.
کەشتیی "ئێم ڤی باریما" (MV Barima) شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە لە گیۆرجتاونەوە بەڕێکەوتبوو، بڕیاربوو بپەڕێتەوە بۆ شارۆچکەی پۆرت کایتۆما لە هەرێمی 'ئیسیکویبۆ'. ئەم هەرێمە ناوچەیەکی دەوڵەمەندە بە نەوت و رووبەرەکەی دەگاتە 160 هەزار کیلۆمەتری چوارگۆشە، کە لە ئێستا ناوچەیەکی جێناکۆکە لە نێوان هەردوو وڵاتی گویانا و ڤێنێزوێلادا.