ئوردن تێکشکاندنی چوار درۆنی ئێرانی راگەیاند
ئەمڕۆ چوارشەممە، 22ـی تەممووزی 2026، سوپای ئوردن لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، رێگرییان لە چوار فڕۆکەی نوێی بێفڕۆکەوانی ئێرانی کردووە و خستوویاننەتە خوارەوە.
لە بەرامبەردا، ئاژانسی هەواڵی "فارس"ی ئێرانی بڵاویکردەوە، بەیانی ئەمڕۆ، سیستمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی لە ئاسمانی تارانی پایتەختدا تێکشکاندووە.
هاوکات میدیاکانی ئوردن پشتڕاستیان کردەوە، بەهۆی بیستنی دەنگی تەقینەوە لە تێکشکاندنی مووشەک لە ئاسمانی شاری عەقەبەی باشووری وڵاتەکەدا، زەنگی ئاگادارکردنەوە لەو شارەدا لێدراوە.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئیسرائیل لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، چاودێریی هاویشتنی چەند مووشەکێکی ئێرانییان بەرەو شاری عەقەبە کردووە؛ هاوکات جەختیشی کردەوە، هیچ زەنگێکی ئاگادارکردنەوە لە ناوخۆی ئیسرائیل لێنەدراوە و دەستوەردانیشیان لە پرۆسەی تێکشکاندنی مووشەکەکاندا نەکردووە، چونکە هیچ مووشەکێک یان پاشماوەیەکیان لە خاکی ئیسرائیلدا نەکەوتووەتە خوارەوە.
ئەم پەرەسەندنانە یەک رۆژ دوای ئەوە دێن کە هێزە چەکدارەکانی ئوردن رایانگەیاندبوو مامەڵەیان لەگەڵ چەند هێرشێکی هاوشێوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەواندا کردووە و توانیویانە بێ زیانی گیانی و ماددی پووچەڵیان بکەنەوە.
پێشتر و لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا، ئێران چەندین هێرشی کردبووە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا و دامەزراوەکانی وزە لە وڵاتانی کەنداو؛ بەپێی گوتەی دەسەڵاتدارانی تاران، ئەم هێرشانە وەک وەڵامدانەوەیەک بووە بۆ ئەو هێرشانەی کە پێشتر ئەمریکا کردبوویە سەر ناوخۆی ئێران.