یەکێتی داوا لە پارتی دەکات بگەڕێتەوە بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک

سەرەڕای ساردبوونی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی سەردانی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستانی کرد و داوای گەڕانەوەی فەرمیی پارتی بۆ هۆڵی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کرد، لە کاتێکدا بەرپرسی لقی سێی پارتی جەخت دەکاتەوە کە بابەتەکە لە لایەن سەرکردایەتی حزبەکەیانەوە لە ژێر گفتوگۆدایە.

سەرباری ئەو دابڕانە سیاسییەی کە ماوەیەکە لە پەیوەندییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستاندا لەسەر ئاستی باڵا هەیە، بەڵام لە کەرکووک، هەستیاریی دۆخەکە و ململانێی پێکهاتەکان، هەردوو حزب ناچار بە هێشتنەوەی دەرگای گفتوگۆ دەکات.

ئامانجی سەردانی بەرپرسی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی بۆ لقی سێی پارتی بۆ پیرۆزباییکردن بوو لە دەستبەکاربوونی بەرپرسی نوێی لقەکە، بەڵام لە ناوەڕۆکدا پەیامێکی گرنگی لەگەڵدا بوو، کە بریتی بوو لە داواکاری بۆ گەڕانەوەی پارتی بۆ ناو کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، بە تایبەتی دوای پێکهێنانی ئیدارەی نوێی کەرکووک کە تێیدا یەکێتی لەگەڵ پێکهاتەکانی عەرەب و تورکمان بەبێ پارتی گەیشتنە رێککەوتن و پارتی لە پۆستە کارگێڕییەکان بێبەش کرا.

سیروان سەید عاسی، بەرپرسی لقی سێی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کەرکووک، لە لێدوانێکدا بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پەیامە بە کوردستان24ی رایگەیاند: "ئەم پێشنیازە یان ئەم پەیامە سەرۆک بارزانی نووسیوویەتی بۆ هەموو لایەنە سیاسییەکانی کوردستانییە، لەوەی کە ئێمە هەموومان پێکەوە یەکبین و هەوڵبدەین هەموو کێشە و گرفتانە هەیە ولای بنێین و بەرژەوەندی میللەتەکەمان بهێنینە پێش هەموو ئیشەکانەوە. ئەو هەوڵانە وا خەریکە جێگای خۆی دەگرێت

هەروەها گوتیشی: هاتنی شاندی مەڵبەندی دووش بۆ لای ئێمە. کۆمەڵێک بابەتمان پێکەوە گفتوگۆ کردووە. هەوڵدەدەین لە خزمەت گەلەکەمان بین و لە خزمەتی کەرکووک پێکەوە هەماهەنگی تەواو بکەین."

سەبارەت بە پرسی گەڕانەوەی فەرمیی پارتی بۆ دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک، سیروان سەید عاسی ئاشکرای کرد، سەرجەم لایەنەکان هەمان داواکارییان هەبووە و گوتی: "بابەتی چوونی ئەندامانی ئێمە بۆ کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەن، هەموو کوتلەکانی ناو ئەنجوومەن و لایەنە سیاسییەکانی ناو ئەنجوومەن داوایان هەبووە لەوەی کە ئێمە بێینەوە بۆ کۆبوونەوەکان، ئەو بابەتە ئێستا لەلایەن سەرکردایەتی ی ئێمەوە لە ژێر باس و گفتوگۆیە لەگەڵ لایەنەکان"

ئەم هەوڵانە لە کاتێکدان کە سەرجەم فراکسیۆنەکانی ناو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە فەرمی داوای گەڕانەوەی پارتی دەکەن بۆ دانیشتنەکان، بەڵام پارتی لە تاوتوێکردنی بابەتەکەدایە و بڕیارە لە داهاتوویەکی نزیکدا بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆی لەسەر ئەم پڕۆسەیە رابگەیەنێت.