لە کوردستانەوە تا سەر فەرشی سووری هۆڵیوود؛ نهێنیی گوارە 3 هەزار ساڵەییەکەی زێندایا

دەرکەوتنی زێندایا، ئەکتەری ناوداری هۆلیوود بە گوارەیەکی شوێنەواریی تەمەن چەند هەزار ساڵەی سەر بە شارستانیەتی دێرینی کوردستان لە کاتی نمایشکردنی فیلمی "ئۆدیسە"، شەپۆلێکی توندی ناڕەزایەتی لە لایەن شوێنەوارناسان و پسپۆڕانی میراتی کولتوورییەوە لێکەوتەوە، کە بەکارهێنانی پارچەیەکی دزراو وەک خشڵێکی مۆدێرن بە سووکایەتیکردن بە مێژووی نەتەوەکان و پشتگیریکردن لە تاڵانکردنی ناسنامەی شارستانیەتەکان دادەنێن.

ناڕەزایەتی و کاردانەوە نەرێنییەکان بەرامبەر بە لەگوێکردنی گوارەیەکی شوێنەواریی کۆن لە لایەن "زێندایا"، ئەستێرەی هۆلیوودەوە بەردەوامە; زێندایا لە کاتی بەشداریکردنی لە مەراسیمی دەستپێکی فیلمی "ئۆدیسە" بەو گوارە شوێنەوارییەی کە تەمەنی بۆ چەند هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە و لە زێڕی "زێویە" دروستکراوە دەرکەوت؛ رووداوێک کە سەرنجی جیهانی بۆ جارێکی دیکە بۆ لای مێژووی پڕ لە شانازی و دەوڵەمەندی ئەم ناوچەیە راکێشا.

لە بەرامبەردا، شوێنەوارناسان و مێژوونووسان بە توندی ئەم هەنگاوەیان ئیدانە کرد. پسپۆڕانی ڕێکخراوەکانی میراتی کولتووری جەختیان کردەوە کە بەکارهێنانی شوێنەوارێکی قاچاخکراو و دزراو وەک کەرەستەیەکی جوانکاریی مۆدێرن، پێشێلکردنی بەهای زانستی و شوێنەوارناسیی ئەو بەرهەمانەیە و جۆرێکە لە هاوسۆزی نیشاندان لەگەڵ تاوانی تاڵانکردنی میراتی کولتووریی گەلان.

چیرۆکی گوارەکان

گوارەکانی "زێندایا" لە لایەن "گلێن سپایرۆ"، دیزاینەری ناوداری بەریتانییەوە دیزاین کراون، کە تێیدا هونەری هاوچەرخ و مێژووی دێرینی بەیەکەوە گرێداوە. ناوبراو دوو پارچەی بچووکی زێڕینی شێوە بازنەیی لە گەنجینە دزراوەکەی قەڵای "زێویە" وەرگرتووە و لە نێوان ئەڵماس و زێڕی نوێدا جێگیری کردوون، تاوەکو گوارەیەکی مۆدێرنی لێ دروست بکات.

ڕەگی ئەم پارچە زێڕە شوێنەوارییە تەمەن چەند هەزار ساڵەیە بۆ تاڵانکردنی گەنجینەی قەڵای "زێویە" دەگەڕێتەوە. لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمدا و دوای دۆزینەوەی لەناکاوی ئەم گەنجینەیە، باندەکانی قاچاخچێتی و گەڕان بەدوای عەتیقەدا بەشێکی زۆری ئەو بەرهەمانەیان تاڵان کرد و بە شێوەیەکی نایاسایی لە وڵات بردیانە دەرەوە. دواتر ئەم شوێنەوارانە لە بازاڕە رەشەکانی ئەوروپا و ئەمریکادا فرۆشران و بەبێ گرنگیدان بە بەهای مێژووییان و داواکارییە یاساییەکان بۆ گێڕانەوەیان، کەوتنە دەستی جەواهێرسازانی بەریتانیا.

لە زێویەدا چی دۆزرایەوە؟

گرد و قەڵای شوێنەواریی "زێویە" لە 55 کیلۆمەتریی رۆژهەڵاتی شاری سەقز لە پارێزگای کوردستان (رۆژهەڵاتی کوردستان) لەسەر گردێکی بەرز و ستراتیژی بنیاتنراوە.

مێژووی دۆزینەوەی ئەم ناوچە شوێنەوارییە بۆ ساڵی 1326ی کۆچیی هەتاوی (1947ی زایینی) دەگەڕێتەوە؛ کاتێک شوانێکی ناوخۆیی بە رێکەوت سندووقێکی برۆنزی پڕ لە کەرەستەی بەنرخی دۆزییەوە. دوابەدوای ئەوە، کاوڵکارییە زانستییەکانی شوێنەوارناسانی ئێرانی و دەرەکی بۆ تێگەیشتن لە پێکهاتەی ئەم قەڵا سێ نهۆمییە دەستیپێکرد.

لە ماوەی ئەم کاوڵکاریانەدا سەدان پارچەی بەنرخ لەوانە؛ پلاکەکانی زێڕ، زنجیر، ملوانکە، گوارە، پەرداخ و دەستبەند لە رەگەزی زێڕ، زیو، مفرغ و عاج دۆزرانەوە. ئەم شوێنەوارانە بە نەخشی ئاژەڵان و بوونەوەرە ئەفسانەییەکان رازێندراونەتەوە کە نیشانەی هونەری بەرز و پێشکەوتووی ئەم ناوچەیەیە لەو کاتەدا.

مێژووی دروستکردنی ئەم شوێنەوارانە بۆ هەزارەی یەکەمی پێش زایین (سەدەکانی 9 تا 7 پێش زایین) دەگەڕێتەوە، کە هاوکاتە لەگەڵ سەردەمی دەسەڵاتی شارستانیەتی مانایی، سکایی و دواتر ماددەکان. قەڵاکە وەک دژێکی سەربازی و شوێنی فەرمانڕەوایەتی حکومەت بەکارهاتووە.

ئێستا ئەم شوێنەوارە مێژووییانە لە یەک شوێندا کۆنەکراونەتەوە؛ بەشێکی بچووکیا لە مۆزەخانەی نیشتمانیی ئێران لە تاران پارێزراون، بەڵام بەنەخترین بەشەکانی ئەم گەنجینەیە لە مۆزەخانە ناودارەکانی جیهاندا وەک مۆزەخانەی لۆڤر لە پاریس، مۆزەخانەی میترۆپۆلیتەن لە نیویۆرک، و مۆزەخانەی بەریتانیا لە لەندەن دابەش بوون، ئەمە جیا لەو پارچە و کەرەستانەی کە کەوتوونەتە دەستی کۆکەرەوە و بازرگانانی زێڕ و شوێنەوار لە کەرتی تایبەتدا.

بەشێک لەو شوێنەوارە دێرینانەی لە ناوچەی "زیویە" دۆزراونەتەوە.