قالیباف: ئێمە نەوت نەفرۆشین هیچ کەس ناتوانێت نەوت بفرۆشێت
سەرۆکی پەرلەمانی ئێران جارێکی دیکە هەڕەشەی راگرتنی هەناردەی نەوتی ناوچەکە دەکات و رایدەگەیەنێت، ئەگەر وڵاتەکەی نەتوانێت نەوت بفرۆشێت، رێگە نادەن هیچ وڵاتێکی دیکەش نەوت هەناردە بکات.
چوارشەممە 22ـی تەممووزی 2026، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، رایگەیاند: "هاوکێشەی ئەم جەنگە روون و ئاشکرایە، یان هەمووان یان هیچ کەس لەو ناوچەیەی کە ئێمە نەوتی تێدا نەفرۆشین، هیچ کەسێکی دیکە ناتوانێت نەوت بفرۆشێت".
قالیباف ئاماژەی بەوەش کردووە، ئاسایشی ژێرخانەکان پەیوەستە بە ئاسایشی وڵاتەکەیەوە و گوتی: "ئەگەر ئاسایشی ئێمە دەستەبەر نەکرێت، ئەوا هیچ ژێرخانێکی ناوچەکە پارێزراو نابێت." هەروەها جەختی کردەوە، ئاسایشی گەرووی هورمز تەنیا بە نەمانی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دابین دەبێت.
لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دووپاتی کردەوە، بارودۆخی گەرووی هورمز گۆڕانکاری ریشەیی بەسەردا هاتووە و ناگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخەی کە پێش دەستپێکردنی جەنگەکە هەبوو.
قاەکانی محەمەد باقر قالیباف دوای ئەوە دێت، هەر ئەمڕۆ چوارشەممە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (تروس) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا هەڕەشەی توندی لە ئێران کرد سەبارەت بە هەر جۆرە هێرشێکی دەریایی لە ناوچەی کەشتیوانی گەرووی هورمزدا.
ترەمپ لە پەیامەکەیدا نووسیویەتی: "لە ئێستاوە، هەر کاتێک کۆماری ئیسلامیی ئێران هێرش بکاتە سەر کەشتییەک لە گەرووی هورمزدا، جا بە مووشەک، راکێب، درۆن، یان هەر کەرەستە و چەکێکی دیکە بێت، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یەک پرد یان وێستگەیەکی کارەبا بۆردوومان و تێکدەشکێنێت."
سەرۆکی ئەمریکا جەختی کردەوە، ئەم بۆردوومان و تێکشکاندنانە تەنانەت ئەو پرد و وێستگانەی کارەباش دەگرێتەوە کە لە نزیک یان لە ناوخۆی شاری تارانی پایتەختدا جێگیر کراون.
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM) رایگەیاند، کاتژمێر 3:15 بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە کاتی رۆژهەڵاتی ناوەراست، بۆ یانزەیەمین شەو لەسەریەک زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانیی سەرکەوتوویان بۆ سەر چەند پێگەیەکی سەربازی لە ناوخۆی ئێران ئەنجامداوە.