سوپای پاسداران: بەکارهێنانی رێڕەوی جێگرەوەی گەرووی هورمز مەترسیدارە

هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، هاتوچۆی لە گەرووی هورمز لە ژێر کۆنترۆڵی تەواوەتی هێزەکانیاندایە، و هۆشداری توندی دا بە کەشتیگەلە نێودەوڵەتییەکان لە بەکارهێنانی هەر رێڕەوێکی دیکەی جێگرەوە، چونکە مەترسیدارە و دەرەنجامی قەرەبوونەکراوەی لێدەکەوێتەوە.

چوارشەممە 22ـی تەممووزی 2026، هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هۆشداریی توندی ئاراستەی کەشتیگەلی بازرگانی و نێودەوڵەتی کرد لە ئاوەکانی کەنداو و گەرووی هورمزدا.

هێزی دەریایی سوپای پاسداران لە پەیامێکدا نووسیویەتی، "رێڕەوی چوونەژوورەوە و چوونەدەرەوەی گەرووی هورمز دیارە و لەژێر کۆنترۆڵی بڕیاردەر و تەواوەتی هێزەکانی ئێمەدایە."

سوپای پاسداران هۆشداری توندی داوە بەوەی کە سەرجەم رێڕەوەکانی دیکەی جێگرەوە نائارام و مەترسیدارن، و گوتی: "هۆشداری دەدەین کە هیچ رێڕەوێکی جێگرەوە بەکارنەهێنرێت، چونکە ئەم کارە دەرەنجامی زۆر قورس و قەرەبوونەکراوەی لێدەکەوێتەوە."

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، هەر کاتێک ئێران هێرش بکاتە سەر کەشتییەک لە گەرووی هورمزدا، جا بە مووشەک، درۆن، یان هەر کەرەستە و چەکێکی دیکە بێت، ئەمریکا پرد یان وێستگەی کارەبا بۆردوومان دەکات.

هەروەها سەرچاوەیەکی سەربازیی ئێران، لە وەڵامی هەڕەشە نوێیەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە ئاژانسی هەواڵی "تەسنیم"ی راگەیاندووە، ئێران خاوەنی ئیرادەیەکی پۆڵایینە لە پەیڕەوکردنی سەروەریی خۆی بەسەر گەرووی هورمزدا و، بە هیچ شێوازێک رێگە نادات جارێکی دیکە ئەم گەرووە ببێتە هۆکارێک بۆ هەڕەشەکردن لە ئێران.