شارەوانیی هەولێر ئامادەکاری بۆ راگەیاندنی قۆناخی هەشتەمی دابەشکردنی زەوی دەکات

سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر ئامادەکارییە هونەری و یاساییەکانی بۆ دەستپێکردنی قۆناخی هەشتەمی دابەشکردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران، خانەنشینان و هێزە ئەمنییەکاندا چڕ دەکاتەوە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو بە فەرمی پرۆسەکە رابگەیەنرێت.

کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر، لە لێدوانێکدا بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، توانراوە بە حەفت قۆناخ نزیکەی 42 هەزار پارچە زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێت و، ئێستا تەنیا نزیکەی 40 هەزار فەرمانبەری دیکە لە هەولێر ماون لە وەرگرتنی زەوی سوودمەند بن.

سەرۆکی شارەوانی روونیشی کردەوە، ئێستا لە رووی یاسایی و هونەرییەوە کار لەسەر زەوییەکان دەکرێت بە مەبەستی تۆمارکردنیان بە ناوی شارەوانییەوە، بۆ ئەوەی دوای تەواوبوونی سەرجەم ڕێکارە فەرمییەکان، لە رێگەی تیروپشکەوە دابەشی سەر فەرمانبەران بکرێت.

جەختیشی کردەوە، کە ئامادەکارییەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی لە هەفتەی داهاتوودا قۆناخی هەشتەمی دابەشکردنی زەوی رابگەیەنرێت.

لە لایەکی دیکەوە دلۆڤان سەرتیب، سەرۆکی بەشی موڵکایەتی لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر، بە کوردستان24ـی رایگەیاند، تیمێکی تایبەتمەند کاتی دەوامی فەرمی و دوای دەوامیش بەردەوامن لە کارکردن بۆ تەواوکردنی رێکارەکانی ئەنجامدانی تیروپشکی قۆناخی هەشتەم، بە مەبەستی سوودمەندکردنی زۆرترین ژمارەی فەرمانبەرانی شایستە لە وەرگرتنی زەویدا.

لە 27ـی ئاداری 2024، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە فەرمانی مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیار درا بە دابەشکردنی زەوی بەسەر هەموو ئەو فەرمانبەرانەی کە سوودمەند نەبوونە لە وەرگرتنی زەوی.

بڕیارەکە لە 28ـی ئایاری 2024، لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاو کرایەوە.