ئیکۆنۆمیست: ترەمپ دۆخێکی باشتری دەبوو ئەگەر بەقسەی ئۆبامای بکردایە

گۆڤاری "ئیکۆنۆمیست" لە وتارێکی شیکاریدا رەخنەی توند لە بڕیارە سیاسی و سەربازییەکانی دۆناڵد ترەمپ دەگرێت و پێی وایە دەستپێکردنی جەنگێکی بێ پلان دژی تاران، هەموو دەستکەوتەکانی پێشووی ئەمریکای لە ناوچەکەدا خستووەتە مەترسییەوە و متمانەی هاوپەیمانە دێرینەکانی لەندەن و واشنتنی بە تەواوی لاواز کردووە.

گۆڤاری ئیکۆنۆمیست لە راپۆرتێکی شیکاری دا ئاماژەی داوە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە بارودۆخێکی زۆر باشتردا دەبوو ئەگەر شوێن رێنماییە دەرەکییەکانی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا بکەوتایە کە تێیدا دەڵێت: "کاری گەمژانە مەکە."

چەمکی سیاسەتی دەرەوەی باراک ئۆباما، بە دۆکتۆرینی ئۆباما ناسراوە، تا ئێستاش وەک یەکێک لە مۆدێلە دیارەکانی مشتومڕ لە ناوەندە ئەکادیمی و سیاسییەکانی جیهاندا سەیری دەکرێت و لەسەر چوار بنەمای ستراتیژیی سەرەکی بنیاتنرابوو:

یەکەم: بنەما سەرەکییەکانی دۆکتۆرینی ئۆباما

1. بەربەستکردنی ستراتیژی و دوورکەوتنەوە لە جەنگ:

ئەم بنەمایە سەرنجی دەخستە سەر خۆدوورخستنەوە لە جەنگە زەمینییە تێچووبەرزەکان و داگیرکارییە سەربازییە درێژخایەنەکان (هاوشێوەی جەنگی 2003ی عێراق). ئۆباما پێی وابوو دەبێت واشنتن هێزەکانی تەنیا لەو شوێنانەدا بەکاربهێنێت کە پێوەندیی راستەوخۆیان بە بەرژەوەندییە ئەمنییە سەرەکییەکانی ئەمریکاوە هەیە.

2. فرەلایەنخوازی و بنیاتنانی هاوپەیمانی

وەک لە گوتارەکەی ساڵی 2014ـی پەیمانگای سەربازیی "وێست پۆینت"دا هاتبوو، ئەمریکا تەنیا کاتێک بە شێوەی تاک لایەنە سەرباز بەکاردەهێنێت کە بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی رووبەڕووی هەڕەشەی راستەوخۆ ببنەوە. بۆ رووداوە مرۆیی یان کێشە ناڕاستەوخۆکان، ئۆباما پێی وابوو دەبێت هاوپەیمانە نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوە جیهانییەکان بۆ دابەشکردنی ئەرکەکان ئامادە بکرێن.

3. سەرپشککردنی دیپلۆماسی لەسەر هێزی سەربازی:

ئۆباما هەمیشە دانوستان و سەپاندنی سزای بە باشتر دەزانی لە جیاتی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆی سەربازی، کە دەرەنجامەکەی بەستنی رێککەوتنی ئەتۆمیی ئێران (JCPOA) و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتی کوبادا بوو.

4. ئۆپەراسیۆنی ورد و ئاراستەکراو:

گۆڕینی شێوازی جێگیرکردنی هێزەکان لە ناردنی سوپای گەورەوە بۆ ئۆپەراسیۆنی تایبەت و بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان، وەک ئەو ئۆپەراسیۆنە تایبەتەی کە بووە هۆی کوشتنی ئوسامە بن لادن.

فەللوجە لە 17ـی تشرینی دووەمی 2004دا

رەخنە و دژەبەرنامەکان لەسەر دۆکتۆرینەکە

مەترسیی ساردبوونەوە و سستی: رەخنەگران و کۆنەپارێزانی ئەمریکی، لەوانەش جۆن بۆڵتۆن، باڵیۆزی پێشووی و ڕاوێژكاری پێشووی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان پێیان وابوو کە ئەم جۆرە لە راگرتن و خۆپاراستن دەبێتە هۆی لاوازبوونی پێگەی ئەمریکا لە جیهاندا و نەیارەکانی ئەمریکا وا لێدەکات ئەم سیاسەتە وەک بێدەسەڵاتی یان پاشەکشە وەربگرن.

متمانەی جێبەجێکردنی بەڵێنەکان: پێشهاتەکانی وەک مامەڵەکردن لەگەڵ "هێڵە سوورەکەی" بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لە سووریا لە ساڵی 2013دا، بووە هۆی مشتومڕی زۆر لەسەر ئەوەی ئایا پشت بەستنی زۆر بە هاوپەیمانێتییەکان توانای ئەمریکا بۆ رووبەڕووبوونەوە و بەرپەرچدانەوەی خێرای نەیاران پەکناخات؟

شیکردنەوەکە باس لەوە دەکات، سەرەڕای ئەوەی ئۆباماش لە سیاسەتی دەرەوەیدا بێ کەموکوڕی نەبوو بۆ نموونە درەنگ لە مەترسییەکانی چینی تێگەیشت، بەڵام ئەگەر ترەمپ هاوشێوەی ئەو بیر بکاتەوە، لە 28ـی شوباتدا لەگەڵ ئیسرائیلدا بەبێ داڕشتنی هیچ پلانێک بۆ سەرکەوتنی کۆتایی نەدەچووە نێو جەنگ دژی ئێران.

لە راپۆرتەکەدا هاتووە، "ترەمپ شانازی بەوەوە دەکرد کە کوشتنی سەرکردە باڵاکانی ئێران و بۆردوومانە ئاسمانییەکان دەبێتە هۆی گۆڕینی خێرای دەسەڵاتی تاران، بەڵام بەو توندڕەوی و پێکهاتە قورسەی تاران هەیەتی، پێشبینیکردنی ئەمە هێندەی پێشبینیکردنی لەناوبردنی مافیا لە رێگەی بۆردوومانی ئاسمانییەوە گەمژانە بوو؛ ئێستاش ئەم جەنگە مەترسیی لەسەر داهاتووی سەرۆکایەتییەکەی ترەمپ دروستکردووە."

رێککەوتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی لە نێوان ئێران و وڵاتانی5+1 کە ئەمریکا، رووسیا، چین، فەرەنسا، شانشینی یەکگرتوو، ئەڵمانیا 

دەستکەوتە جێگیرەکان و لێکەوتەکانی جەنگ

راپۆرتەکە سەرنج دەخاتە سەر بەشێک لە سەرکەوتنەکانی پێشووی ترەمپ لە ناوچەکەدا، لە نێویاندا رێککەوتنەکانی ئەبراهام بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ چوار وڵاتی عەرەبی، و ناچارکردنی بنیامین ناتانیاهۆ بۆ قبووڵکردنی ئاگربەست لە غەززە لە ساڵی رابردوودا. تەنانەت بۆردوومانکردنی بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران لە هاوینی رابردوودا لە رووی سەربازییەوە خاوەن لۆژیک بوو سەرەڕای ئەوەی زیانی بە پڕۆسەی چاودێریی نێودەوڵەتی گەیاند.

بەڵام جێبەجێکردنی دروشمی "سەرەتا ئەمریکا" لە لایەن ترەمپەوە بەبێ گرنگیدان بە وردەکارییەکان، دۆخەکەی ئاڵۆز کردووە. لە کاتێکدا هەم ئۆباما و هەم ترەمپ هیوایان دەخواست ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکشێتەوە و تەرکیز بخاتە سەر ئاسیا؛ ئۆباما بەهۆی جەنگی ناوخۆی سووریا و سەرهەڵدانی داعشەوە نەیتوانی جێبەجێی بکات، ترەمپیش بەهۆی دەستپێکردنی ئەم جەنگە لە ناکاوەوە هاوسەنگییەکانی ناوچەکەی تێکدا. خێزانی ترەمپ لە رێگەی گرێبەستەکانی فرۆشتنی چەک و ژیریی دەستکرد بە وڵاتانی کەنداو، سەدان ملیۆن دۆلاریان وەک وەبەرهێنان وەرگرتووە، بەڵام ئەم مۆدێلە ئابوورییە بەهۆی مووشەکبارانی ئێرانەوە ئێستا پەکیکەوتووە.

بێ متمانەیی دەوڵەتانی کەنداو بە واشنتن

دەرەنجامەکانی ئەم جەنگە بووەتە هۆی تێکدانی هاوپەیمانییە دێرینەکان، بە شێوەیەک وڵاتانی کەنداو، بە تایبەتی سعوودیە، متمانەیان بە ئەمریکا وەک هاوپەیمانێکی باوەڕپێکراو نەماوە و دەستیان کردووە بە پتەوکردنی پەیوەندییە سەربازییەکانیان لەگەڵ تورکیا و ئابووری لەگەڵ چیندا تا پارێزگاری لە ئاسایشی خۆیان بکەن.

گۆڤاری ئیکۆنۆمیست جەخت دەکاتەوە کە بڕیاری بەپەلە و سەرکێشیی ئەمنی لە لایەن سەرۆکەکانەوە هەمیشە کارەساتی گەورەی لێدەکەوێتەوە، و ئەگەر دۆناڵد ترەمپ کەمتر قسەی بکردایە و زیاتر گوێی لە راوێژکارەکانی بگرتایە، دەتوانرا ئەمریکا لەم دۆخە دژوارەی ئێستای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دوور بکەوێتەوە.