پزیشکیان: سەردانی زەیدی خاڵی وەرچەرخانە لە پەیوەندییەکانمان

سەرۆکوەزیرانی عێراق، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا سەردانی تاران دەکات. لەم سەردانەدا هەردوولا ئارامکردنەوەی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە، دۆسیەی گازی هاوردەکراو و گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابووری و بازرگانییەکانی نێوان بەغدا و تاران تاوتوێی دەکەن.

سبەی پێنجشەممە 23ـی تەممووزی 2026، عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەسەر بانگهێشتی مەسعود پزیشکیان سەرۆککۆماری ئێران، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا، سەردانی تاران دەکات؛ رۆژێک پێش سەردانەکە، کۆمیسیۆنی هاوبەشی هاوکاریی ئابووریی عێراق و ئێران کۆبووەوە.

کۆبوونەوەی ئەو کۆمیسیۆنە هاوبەشە، بە سەرۆکایەتی مەسعود پزیشکیان و بە ئامادەبوونی ئەندامانی ئابووریی حکوومەت، پارێزگاری بانکی ناوەندی، بەرپرسانی دامودەزگا پەیوەندیدارەکان و نوێنەرانی کەرتی تایبەت بەڕێوەچوو

پزیشکیان لەم کۆبوونەوەیەدا، سەردانی داهاتووی سەرۆکوەزیرانی عێراق و شاندە باڵاکەی بە رووداوێکی زۆر گرنگ وەسف کرد و رایگەیاند: پەیوەندییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران و عێراق، پەیوەندییەکی تایبەت، قووڵ و پشتبەستووە بە بەستەرە مێژوویی، کولتووری، ئایینی و بەرژەوەندییە هاوبەشەکان، ئەم سەردانەش دەکرێت ببێتە وەرچەرخانێک لە زیاترکردنی ئاستی هاوکارییە گشتگیرەکان و دەستپێکی وەرزێکی نوێ لە پەیوەندییە ستراتیژییەکانی هەردوو وڵات.

سەرۆککۆماری ئێران، بە جەختکردنەوە لەسەر پێویستیی سوودوەرگرتنی زیاتر لەو سەردانە، ڕوونی کردەوە، دەبێت هەموو دامودەزگا جێبەجێکارەکان بە هەماهەنگیی تەواوەوە، زەمینە بۆ هێنانەدی رێککەوتنەکان و گەشەپێدانی هاوکارییە ئابووری، بازرگانی، وەبەرهێنان و ژێرخانییەکان بڕەخسێنن، تاوەکو ئەنجامەکانی ئەم سەردانە لە بەرزکردنەوەی ئاستی پەیوەندییەکانی هەردوو وڵاتدا بەرچاو و بەردەوام بن.

پزیشکیان، هەروەها جەختی لە رۆڵی چالاکانەی کەرتی تایبەت لە گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی هەردوو وڵات کردەوە و گوتی: پێویستە زەمینەکانی فراوانکردنی هاوکاری لە نێوان بازرگانان و کەرتی تایبەتی ئێران و عێراق لە هەموو ئەو بوارانەی کە توانای تێدایە، بخرێتە بەرنامەی کاری ئەم سەردانەوە؛ چونکە گەشەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییە بەردەوامەکان، بێ بەشداریی کاریگەری کەرتی تایبەت ئەستەمە.

هەر ئەمڕۆ حەیدەر عەبودی گوتەبێژی حکوومەتی عێراق رایگەیاند، عەلی زەیدی سبەی بە سەردانێکی فەرمی و لەسەر بانگهێشتی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆماری ئێران، بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا سەردانی تاران دەکات.

عەبودی، گوتیشی: زەیدی لەم سەردانەدا تاوتوێی هەوڵەکان بۆ راگرتنی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە و دۆسیەکانی بازرگانی، گواستنەوە و گازی هاوردەکراو دەکات؛ لەسەر بنەمای بەرژەوەندییەکانی عێراق، دۆسیەی گازیش لەسەر مێزی دانوستانە دووقۆڵییەکانی تاران و بەغدا دەبێت.

دووپاتیشی کردەوە، سیاسەتی عێراق، دەستوەرنەدانە لە کاروباری وڵاتانی دیکە و رێزگرتنە لە پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان، هەروەها بەپێی بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی وڵات، هەوڵی کەمکردنەوەی ئاڵۆزی و کرانەوە لە پەیوەندییە دەرەکییەکانیدا دەدات.