سوپای پاسداران هێرشی کردە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە کوەیت

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، کۆگایەکی کەرەستەی سەربازیی لە سەربازگەی عودەیری و بنکەی ئاسمانی عەلی سالم لە کوەیت کردووەتە ئامانج.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، سوپای پاسدارانی ئێران لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، کۆگایەکی گەورەی کەرەستەی سەربازی و سیستەمێکی بەرگریی مووشەکی پاتریۆت و سەکۆیەکی هەڵدانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی MQ-9ی ئەمریکی لە بنکەی ئاسمانی عەلی سالم لە کوەیت تێکشکاندووە.

سوپای پاسداران ئەوەشی خستووەتەڕوو "ئێمە تاوەرێکی پەیوەندییەکانمان کردە ئامانج، وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لە هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر تاوەرەکانی پەیوەندییەکان لە ئێران".

هەروەها سوپای پاسداران لە راگەیەندراوەکەدا باسی لەوەشکردووە، هێرشیان کردووەتە سەر شوێنەکانی جێگیرکردنی هێزەکانی ئەمریکا و دوو شوێنی پاراستنی هێلیکۆپتەرەکان لە سەربازگەی عودەیری و لە ئەنجامدا "ژمارەیەک کەس گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون و زیانێکی بەرچاویش بە چەندین هێلیکۆپتەر و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان گەیشتووە".