هاتوچۆی هەولێر: بڕیاری لێخۆشبوونی 20%ـی سزاکان درێژکرایەوە

گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر رایدەگەیەنێت، بە مەبەستی رەچاوکردنی باری دارایی هاووڵاتییان و شۆفێران، بڕیاری لێخۆشبوون لە 20%ـی سزاکانی هاتوچۆ بۆ شەش مانگی دیکە درێژکرایەوە و پڕۆسەکەش بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی لە سیستەمدا جێبەجێ دەکرێت.

پێنجشەممە، 23ی تەممووزی 2026، عەقید هێمن، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، بڕیاری لێخۆشبوون لە سزاکانی هاتوچۆ لە ساڵی 2023ـەوە لەلایەن سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی دەرچووە و چەند جارێک نوێکراوەتەوە. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمە بۆ جاری شەشەمە بڕیارەکە درێژ دەکرێتەوە، ئەمەش لە سۆنگەی خەمخۆری بۆ بارودۆخی دارایی هاووڵاتییان تاوەکو شۆفێران سوودمەند بن.

گوتەبێژی هاتوچۆی هەولێر گوتیشی: "لەلایەن وەزیری ناوخۆوە راسپێردراین کە بۆ گەڕێکی نوێش بەردەوام بین لە جێبەجێکردنی بڕیارەکە و بۆ ماوەی شەش مانگی دیکە درێژکرایەوە. لێخۆشبوونەکە رێژەی 20%ـی سزاکان دەگرێتەوە و شۆفێر تەنیا 80%ـی بڕی سزاکە دەدات، سیستەمەکەش بە شێوەیەکی خودکار (ئۆتۆماتیکی) رێژەی 20%ـەکە کەمدەکاتەوە."

عەقید هێمن داواشی لە هاووڵاتییان کرد پابەندی رێنماییەکان بن و سەرپێچی نەکەن، چونکە وەک خۆی دەڵێت: "سەرپێچی کلیلێکە بۆ دەرگای رووداوی هاتوچۆ و کارەسات، بۆیە داوا دەکەین شۆفێران سەرپێچی نەکەن بۆ ئەوەی هەم سزایان نەکەوێتە سەر و هەمیش گیانیان پارێزراو بێت."

دوای درێژکردنەوەی بڕیارەکە، جگە لە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، ژمارەیەکی زۆر لە هاووڵاتییانی ناوچەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراقیش سەردانی بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆی هەولێریان کردووە بۆ ئەوەی لەو بڕیارە سوودمەند بن و سزاکانیان بدەن.