یاسای خانەنشینی هێزەکانی ناوخۆ و ئاسایش هەموار دەکرێتەوە

لیژنەی ئاسایش و ناوخۆ لە پەرلەمانی عێراق، پڕۆژەی هەمواری یاسای خانەنشینی هێزەکانی ناوخۆی پەسەند کرد. ئەم هەموارە نوێیە، هێزەکانی ناوخۆی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، کۆمەڵێک ئیمتیاز و گۆڕانکاری گرنگ لە بەرژەوەندی ئەفسەران، کارمەندان و تەنانەت فەرمانبەرانی مەدەنی لەخۆ دەگرێت.

بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئەم یاسایەدا، فەرمانبەرانی مەدەنی (هەمیشەیی و کاتی) سەر بە میلاکی وەزارەتی ناوخۆ، دەخرێنە ژێر چەتری یاساکە و هاوشێوەی پۆلیس ماف و ئیمتیازاتیان دەبێت. هەروەها پێناسەی "ئەندام" گشتگیر کراوە بۆ ئەوەی هەریەکە لە مفەوەز، پلەدار و پۆلیس بە یەک چاو سەیر بکرێن.

بەگوێرەی هەموارە نوێیەکە، پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران لە پلەی عەمید بەرەو سەرەوە، لەسەر پێشنیاری وەزیر و رەزامەندی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان دەبێت، بە مەرجێک پرەنسیپی یەکسانیی رەگەزی بۆ ئەفسەرانی ژن رەچاو بکرێت.

سەبارەت بە لایەنی زانستی، ئەفسەرانی پسپۆڕ لە بەرامبەر بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر 1 ساڵ و بۆ دکتۆرا 2 ساڵ "موقەدەم" یان پێدەدرێت. هاوکات سیستمە کۆنەکەی "مانەوە بەبێ پۆست" بۆ ئەفسەران بە یەکجاری هەڵوەشێندرایەوە.

یاساکە ئاسانکاری گەورەی بۆ شەهیدان و برینداران کردووە؛ وەزیر دەتوانێت پلەی مولازم ببەخشێتە ئەو کارمەندانەی شەهید بوون یان پەککەوتەی سەداسەدن (تەنیا بۆ مەبەستی مووچەی خانەنشینی). هەروەها ئەو بریندارانەی رێژەی پەککەوتنیان 50% و زیاترە بەهۆی کردەوەی تێرۆریستییەوە، پلەیەکی زیاتریان پێدەدرێت.

یاساکە مەرجی تەمەن و خزمەتی دیاریکردووە؛ پۆلیس کاتێک شایستەی مووچەی مانگانەی خانەنشینی دەبێت کە (15ساڵخزمەت و 40ساڵ) تەمەنی هەبێت، بە پێچەوانەوە تەنیا پاداشتی یەکجارەکی پێدەدرێت. هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە کە "دەرماڵەی نان" دەخرێتە سەر کۆی گشتی مووچەی خانەنشینی سەرجەم کارمەندان.

یاسا نوێیەکە کارمەندانی گرێبەستیش دەگرێتەوە و مافی ئەولەویەتیان پێدەدات لە دامەزراندنی هەمیشەیی. سەبارەت بە ئەفسەرانیش، سەرۆکوەزیران دەتوانێت تەنیا بۆ یەک ساڵ خزمەتی ئەو ئەفسەرانە درێژ بکاتەوە کە دەگەنە تەمەنی یاسایی خانەنشینی، ئەوەش لەپێناو بەرژەوەندی گشتیدا.

لە کۆتاییدا، هەموارەکە جەختی کردووەتەوە، لیژنەی لێکۆڵینەوە لە فەرمانگەی کارمەندەکە بەرپرسیار دەبێت لە دیاریکردنی هۆکاری برینداربوون یان گیانلەدەستدان لە کاتی دەوامدا، و بڕیاری لیژنە پزیشکییەکانیش لەمبارەیەوە پابەندکەر دەبن.