پێدانی پارەی کارەبا لە رێگەی ئی پسوولە و فەرمانگەی فرۆشتنی وزە دەبێت
لە کۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، چەند بڕیارێکی گرنگ دەرکران، کە یەکێکیان تایبەت بوو بە لێخۆشبوون لە بەشێک لە قەرزە کۆنەکانی کارەبا کە دەکەونە پێش دەستپێکردنی پڕۆژەی رووناکی.
بەگوێرەی بڕیارەکەی حکوومەت، داشکاندنەکە بەم شێوازە دەبێت، رێژەی 50% داشکاندن بۆ قەرزی کەڵەکەبووی هاوبەشانی ماڵان و کشتوکاڵ دەکرێت، هەروەها رێژەی 25% داشکاندن بۆ قەرزی هاوبەشانی بوارەکانی پیشەسازی، بازرگانی و کەرتی گشتی دەستەبەر دەکرێت. ئەم بڕیارە تەنیا قەرزە کۆنەکانی پێش دەستپێکردنی پڕۆژەی رووناکی دەگرێتەوە و پارەی مانگانەی پڕۆژەی رووناکی ناگرێتەوە.
سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنی بڕیارەکە، بەگوێرەی زانیارییەکانی دەست کوردستان24 کەوتووە، لە ئێستا تیمەکانی وەزارەت سەرقاڵی رێکخستنی داتا و زانیارییەکانن بۆ رێکخستنی کارەکان. بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا رێکارەکان تەواو بکرێن و کاتی دەستپێکردنی داشکاندنەکە بە فەرمی رابگەیەنرێت.
هاووڵاتییان دەتوانن بە دوو رێگەی جیاواز پارەکە بدەن؛ یەکەم لە رێگەی (ئی-پسوولە) بەشێوازی دیجیتاڵی، دووەم بە سەردانیکردنی فەرمانگەکانی فرۆشتنی وزە بۆ ئەوەی لەم بڕیارە سوودمەند بن.
هاووڵاتییەک لەمبارەیەوە رایگەیاند، ئەم شێوازە لە لێخۆشبوون و پێشکەشکردنی داشکاندن لە سێکتەرەکانی کارەبا، هاتوچۆ و شارەوانییەکاندا، هەنگاوێکی ئێجگار باشە، ئاماژەی بەوە کرد، ئەم بڕیارە لە لایەکەوە هاندانێکی باشە بۆ هاووڵاتیان تاوەکو شایستە داراییەکانیان بدەن، لە لایەکی تریشەوە بارسووککردنێکی گەورەیە بۆ گوزەرانی رۆژانەی خەڵک.
هاوڕا لەگەڵ ئەم بۆچوونەدا، هاووڵاتییەکی تر سەرنجی خستە سەر کاریگەریی راستەوخۆی رێژەی داشکاندنەکە لەسەر بژێوی خێزانەکان و گوتی "داشکاندنەکە زۆر بەجێیە و هەموو مانگێک سوودی لێ دەبینین، بۆ نموونە کاتێک هاووڵاتییەک بڕی ملیۆنێک دینار قەرزار بێت و بەهۆی ئەم بڕیارەوە تەنیا 500 هەزار دینار بدات، ئەوا ئاسانکارییەکی گەورەی بۆ کراوە. ئێمە دەستخۆشی لە لایەنە پێوەندیدارەکان دەکەین و هیوادارین لە داهاتووشدا کاری باشتر و جوانتر لەم شێوەیە بۆ خزمەتی هاووڵاتیان ئەنجام بدرێت."
سەبارەت بە داشکاندنی قەرزەکانی کارەبا بەتایبەتی، هاووڵاتییەک باسی لە گرنگیی بڕیارەکە کرد بۆ ئەو خێزانانەی کە بەهۆی کێشە داراییەکانەوە قەرزی زۆریان لەسەر کۆبووەتەوە. گوتیشی "من خۆم یەکێکم لەوانەی کە بڕی 400 هەزار دینار یان زیاتر قەرزی کارەبام لەسەر بوو، بەڵام ئێستا دەچم تەنیا نیوەی بڕەکە دەدەم."
ئەم هاووڵاتییە هاوکات ستایشی پڕۆژەی دابینکردنی کارەبای 24 کاتژمێریی کرد و وەک خزمەتگوزارییەکی نایاب بۆ هاووڵاتیانی لەقەڵەم دا، لە کاتێکدا پێشنیازی کرد کە ئەگەر نرخەکانیش کەمێکی تر دابەزێندرێن، سوودێکی زۆرتری بۆ خەڵکی کەمدەرامەت دەبێت.
پێوەست بەم بابەتە، هاووڵاتییەکی تر دەستخۆشی و سوپاسی خۆی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی کرد بۆ دەرکردنی ئەم بڕیارە داراییە و رایگەیاند، مەمنوونی سەرۆکی حکوومەتین بۆ ئەم لێخۆشبوونە، داشکاندنی رێژەی سەدا 50، زۆر باشە و هیوادارین لە داهاتووشدا ئاسانکاریی زیاتریش بەدوای خۆیدا بهێنێت.