بەقایی: هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنی، تاوانی جەنگە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بەرامبەر بە هەڕەشەی بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنی رایگەیاند، ئەم هەڵوێستانە بە تەواوی دژبەیەکن لەگەڵ یاسای مرۆیی نێودەوڵەتیدا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، ئیسماعیل بەقایی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە راگەیەندراوێکدا، وەڵامی هەڕەشەکانی بەشێک لە بەرپرسانی ئەمریکا بۆ هێرشکردنە سەر ژێرخانی مەدەنی ئێران دایەوە و گوتی "هیچ فەرمانێک نابێتە مۆڵەت بۆ ئەنجامدانی تاوانی جەنگ، هێنانەوەی پاساو بە فەرمانی بەرپرسانی باڵا بۆ ئەنجامدانی تاوانی جەنگ، بکەرانی لە بەرپرسیارێتی تاوانکاری نابەخشێت."

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەش کرد، ئیدارەی ئێستای ئەمریکا بنەما سەرەکییەکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی تێکدەدات و ئەوەی لە بنەماکانی رەوشت و شارستانیەتی مرۆیی ماوەتەوە، دەکاتە قوربانی لە پێناو سیاسەتەکانی جەنگ و کوشتندا.

بەقایی باسی لەوەشکرد "ئەو سیاسەتەی رێگە بە وێرانکردنی پردەکان و وێستگەکانی کارەبا دەدات، نایاسایی و تاوانکارییە، ئەم رێبازە گوزارشتە لە تۆڵەسەندنەوە و سزادانی بەکۆمەڵ، کە هەردووکیان بە ئاشکرا لەژێر سایەی یاسای نێودەوڵەتی و یاسای ئەمریکادا قەدەخەکراون، لەوانەش ماددەی 2441 لە بەشی 18ـی یاسای ویلایەتە یەکگرتووەکاندا."

بەقایی جەختی کردەوە، ئەم جۆرە تاوانانە بە تێپەڕبوونی کات بەسەر ناچن و مافی بەدواداچوونیان نافەوتێت، هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، یاسای دادوەری سەربازیی یەکگرتوو و رێبەری یاسای جەنگی سەر بە وەزارەتی جەنگی ئەمریکاش (پێنتاگۆن) جەخت لەم بابەتە دەکەنەوە و ئەندامانی سوپا پابەند دەکەن بەوەی خۆیان لە جێبەجێکردنی ئەو فەرمانانە بەدوور بگرن کە بە ئاشکرا نایاسایین.