عێراق و ئێران چەندین رێککەوتننامە و یاداشتی لێکتێگەیشتن واژۆ دەکەن
بەغدا و تاران پەرە بە هاوکارییە ستراتیژییەکانیان دەدەن؛ ئەمڕۆ لە تاران چوار رێککەوتننامە و یاداشتی لێکتێگەیشتنی نوێ لە بوارەکانی گواستنەوە، ژێرخان و گەشەپێدانی کارگێڕیدا واژۆ کران.
پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە تاران، سەرپەرشتیی واژۆکردنی چەندین رێککەوتننامە و یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لە نێوان هەردوو وڵاتدا کرد.
نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا، ئاماژەی بەوە کرد، ئامانج لە واژۆکردنی رێککەوتنەکان و یاداشتی لێکتێگەیشتنەکان، بەهێزکردنی هاوکاریی دوولایەنە و هاوبەشیی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێیە، کە بریتین لەمانەی خوارەوە:
-رێککەوتننامەی گواستنەوە و باری نێودەوڵەتیی وشکانی بۆ کاڵاکان
-یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ راکێشانی هێڵی ئاسن لە (کرماشان - خوسرەوی - خانەقین - بەغدا).
-یاداشتی لێکتێگەیشتنی دەستەخوشکی لە نێوان شارەوانیی بەغدا و شارەوانیی تاراندا.
-یاداشتی لێکتێگەیشتن لە بواری کارگێڕیی حکوومی و راهێنانی سەرچاوە مرۆییەکاندا."
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، کە لە لایەن عێراقەوە وەزیرانی دەرەوە، کارەبا، دارایی و پلاندانان ، واژۆیان لەسەر رێککەوتننامە و یاداشتەکان کردووە.
ئەمڕۆ, سەرۆکوەزیران عەلی فالح زەیدی بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵا گەیشتە تاران و لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێکرا.
عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، بەر لەوەی سەردانی ئێران بکات، لە پلاتفۆڕمی ئێکس نووسیبووی: "ئەمڕۆ بە سەردانێکی فەرمی بەرەو تاران بە رێ دەکەوین و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران کۆدەبینەوە، بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیە گرنگە هاوبەشەکان، هاوکاریی دوولایەنە و راوێژکردن لەبارەی پرسە ناوچەییەکان و ئەو هەوڵانەی کە ئامانجیان چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا."