نرخی نەوت 100 دۆلاری تێپەڕاند

دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە، نرخەکانی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەرزبوونەوەیەکی توندیان تۆمار کرد و نرخی خاوی برێنت بە رێژەی 6% گەیشتە سەروو 100 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، ئەم هەڵکشانە هاوکاتە لەگەڵ زیادبوونی گرژییە سەربازییەکان لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرهەڵدانی مەترسییەکی جددی لەسەر ئاسایشی رێڕەوەکانی دابینکردنی وزە.

پێنجشەممە 23ـی تەممووزی 2026، گرێبەستەکانی خاوی جیهانی (برێنت) بۆ مانگی ئەیلوولی داهاتوو، بە رێژەی 6.3% بەرزبوونەوە و گەیشتنە 100.02 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک، لە هەمان کاتدا، گرێبەستەکانی خاوی تێکساسی ئەمریکی (WTI) بە رێژەی 4.62% روویان لە هەڵکشان کرد و گەیشتنە 90.81 دۆلار.

ئەم بەرزبوونەوەیەی ئێوارەی ئەمڕۆ دوای ئەوە دێت، بەیانی ئەمڕۆش نرخەکان بەرزترین ئاستی خۆیان لە ماوەی شەش هەفتەی رابردوودا تۆمار کردبوو، کاتێک خاوی برێنت گەیشتە 96.27 دۆلار، کە بەرزترین نرخە لە دوای 8ی حوزەیرانی رابردووەوە.

هۆکاری سەرەکی ئەم بازدانە گەورەیەی نرخەکان بۆ راگەیەندراوێکی سوپای پاسدارانی ئێران دەگەڕێتەوە سەبارەت بە کەوتنەوەی ئاگر لە کەشتییەکی نەوتهەڵگر بەهۆی تەقینەوەیەک لە باشووری گەرووی هورمز.

هاوکات لایەنی ئێرانی جەختی کردووەتەوە، گەرووەکە لەژێر کۆنترۆڵی ئەواندایە و رێگە بە تێپەڕبوونی هیچ کەشتییەک نادەن بەبێ هەماهەنگی پێشوەختە.

ئەم پێشهاتانە لە کاتێکدایە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا بۆ سەر ئامانجەکان لە ناوخۆی ئێران بۆ 12یەمین شەوی لەسەریەک بەردەوامن، ئەوەش وای کردووە بازاڕەکانی وزە بکەونە دۆخێکی نادڵنیایی و ترسی گەورە لە پەککەوتنی هەناردەی نەوت.

لە لایەکی دیکەوە دوێنی چوارشەممە 22ـی تەممووز، محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، رایگەیاند: "هاوکێشەی ئەم جەنگە روون و ئاشکرایە، یان هەمووان یان هیچ کەس لەو ناوچەیەی کە ئێمە نەوتی تێدا نەفرۆشین، هیچ کەسێکی دیکە ناتوانێت نەوت بفرۆشێت".

قالیباف ئاماژەی بەوەش کردووە، ئاسایشی ژێرخانەکان پەیوەستە بە ئاسایشی وڵاتەکەیەوە و گوتی: "ئەگەر ئاسایشی ئێمە دەستەبەر نەکرێت، ئەوا هیچ ژێرخانێکی ناوچەکە پارێزراو نابێت." هەروەها جەختی کردەوە، ئاسایشی گەرووی هورمز تەنیا بە نەمانی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا دابین دەبێت.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران دووپاتی کردەوە، بارودۆخی گەرووی هورمز گۆڕانکاری ریشەیی بەسەردا هاتووە و ناگەڕێتەوە بۆ ئەو دۆخەی کە پێش دەستپێکردنی جەنگەکە هەبوو.