حەوت وڵاتی عەرەبی هێرشەکانی ئێران سەرکۆنە دەکەن
وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو و شانشینی ئوردن، لە راگەیەنراوێکی هاوبەشدا سەرکۆنەی بەردەوامیی هێرشەکانی ئێران و بریکارەکانی بۆ سەر خاکەکانیان دەکەن و پشتگیریی تەواوی خۆشیان بۆ بڕیاری حکوومەتی عێراق سەبارەت بە کۆنترۆڵکردنی چەک نیشان دەدەن.
لە راگەیەنراوێکی هاوبەشی وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو و شانشینی ئوردن (کە وەک حەوت وڵاتەکە ئاماژەیان پێ کراوە) هاتووە، ئەوان بە توندی سەرکۆنەی ئەو "دەستدرێژییە تاوانکارییانە" دەکەن کە لە لایەن ئێران و بریکارەکانییەوە دەکرێتە سەر خاک و ژێرخانە مەدەنییەکانیان، کە بەگوێرەی راگەیەنراوەکە لە شوبات و حوزەیرانی 2026ـەوە بەردەوامییان هەیە.
حەوت وڵاتەکە پێشوازی لە بڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق دەکەن بۆ " رادەستکردنی چەک لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە " کە بڕیارە تاوەکو 30ـی ئەیلوولی 2026 جێبەجێ بکرێت.
وڵاتانی کەنداو و ئوردن پشتگیریی خۆیان بۆ ڕێکارە "یەکلاکەرەوە و کاریگەرەکانی" حکوومەتی عێراق دەربڕیوە بۆ رێگریکردن لە بەردەوامیی هێرشی ئەو گروپ و میلیشیا چەکدارانەی "دڵسۆزی ئێرانن" و لە ناو خاکی عێراقەوە کردەوەی دوژمنکارانە دژی وڵاتانی ناوچەکە ئەنجام دەدەن.
لە راگەیەنراوەکەوەدا هاتووە، سەرەڕای واژۆکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان ئەمریکا و ئێران لە حوزەیرانی 2026، بەڵام هێرشەکانی ئێران بۆ سەر بەحرەین، کوێت و ئوردن نەک هەر نەوەستاون، بەڵکو پەرەیان سەندووە. هێرشەکان وێستگەکانی وزە، ئاو، بەندەر و فڕۆکەخانەکانی گرتووەتەوە، کە ئەمەش بە "پێشێلکارییەکی راشکاوی یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان" وەسف کراوە.
ئەو حەوت وڵاتە جەختیان لە "مافی ڕەوای خۆیان بۆ بەرگری لەخۆکردن" کردووەتەوە، بەپێی ماددەی 51ـی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، بۆ پاراستنی سەروەریی خاک و هاووڵاتییەکانیان. هەروەها داوایان لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە:
بڕیارێکی بەپەلە بۆ ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەکانی ئێران دەربکات.
بە فەرمی مافی ئەو وڵاتانە بۆ بەرگری لەخۆکردن بناسێنێت.
ئەگەر هێرشەکان نەوەستان، ڕێکاری یاسایی توندتر بگرێتە بەر.
هەروەها وڵاتانی کەنداو و ئوردن تیشکیان خستووەتە سەر گرنگیی پاراستنی ئاسایشی دەریاوانی لە گەرووی هورمز و باب المندب، هەروەها هاوسۆزیی تەواوی خۆیان بۆ شانشینی سعوودیە دەربڕیوە لە بەرامبەر ئەو رێکارانەی بۆ پاراستنی سەروەریی خۆی دەیانگرێتە بەر و ستایشی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی سعوودیە و سوڵتاننشینی عومانیا کردووە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسیی گشتگیر بۆ تەنگژەی یەمەن.