یۆنان بە بەهای 2.8 ملیار یۆرۆ سیستەمی بەرگری لە ئیسرائیل دەکڕێت
حکوومەتی یۆنان، پلانێکی بۆ کڕینی سیستەمی بەرگریی "قەڵغانی ئاخیل" (Achilles Shield) لە ئیسرائیل پەسەند کرد، کە سیستەمێکی پێشکەوتووە بۆ بەرپەرچدانەوەی مووشەک، درۆن و فڕۆکەی جەنگی، ئەمەش لە بەرامبەر بڕی 2.8 ملیار یۆرۆ.
پێنجشەممە 23ـی تەممووزی 2026، حکوومەتی یۆنان رایگەیاند، ئەم گرێبەستە لە چوارچێوەی پلانێکی گشتگیری خەرجییە بەرگرییەکانی یۆناندایە کە بڕەکەی دەگاتە 4.2 ملیار یۆرۆ، بەپێی بەڵگەنامەکانی وەزارەتی بەرگری، ئەم پلانە کڕینی چەندین کەرەستەی سەربازیی دیکە دەگرێتەوە، لەوانە فڕۆکەی باریی "C-390 Millennium"، درۆنی جۆری هێرۆن، مووشەکی هێلیکۆپتەری ئەپاچی و سیستەمی سۆنار بۆ کەشتییە جەنگییەکان.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی بەرگری یۆنان رایگەیاند، بڕیاری کڕینی ئەم سیستەمە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کاروباری دەرەوە و بەرگری بە سەرۆکایەتی کیریاکۆس میتسۆتاکیس، سەرۆکوەزیرانی یۆنان دراوە، هەروەها بڕیارە بەڵێندەرانی ناوخۆیی یۆنان لە کەرتی بەرگریدا بە بڕی 700 ملیۆن یۆرۆ بەشداری لە پڕۆژەی دروستکردنی ئەم قەڵغانە بەرگرییەدا بکەن.
یۆنان کە بە شێوەیەکی نەریتی زیاتر لە 3%ـی بەرهەمی ناوخۆیی بۆ کەرتی سەربازی تەرخان دەکات، هەوڵ دەدات پێگەی خۆی لە رۆژهەڵاتی دەریای ناوەڕاست و لە نزیک ناوچەکانی ململانێ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهێزتر بکات، بەتایبەت بەهۆی ئەو گرژییە مێژووییانەی لەگەڵ تورکیادا هەیەتی.
لە ژێر سەرپەرشتی حکوومەتەکەی میتسۆتاکیسدا، یۆنان وەبەرهێنانی گەورەی لە نوێکردنەوەی سوپاکەیدا کردووە، لەوانە کڕینی فڕۆکەی "رافال" و کەشتیی "بێلارا" لە فەرەنسا، هەروەها واژۆکردنی رێککەوتن بۆ کڕینی 20 فڕۆکەی جەنگی "F-35" لە ئەمریکا.
سەرۆک وەزیرانی یۆنان ئاماژەی بەوە کردووە، وڵاتەکەی لە ماوەی 12 ساڵی داهاتوودا 25 ملیار یۆرۆ لە کەرتی بەرگریدا خەرج دەکات، ئەمەش وەک گەورەترین پرۆسەی رێکخستنەوەی سوپا لە مێژووی نوێی ئەو وڵاتەدا وەسف دەکرێت.