بەشێکی دیکەی رێگەی دووسایدی دووکان - چوارقوڕنە دەکرێتەوە

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن رایدەگەیەنێت، کارکردن لە پڕۆژەی ڕێگەی دووسایدی دووکان - چوارقوڕنە بە چڕی بەردەوامە و بڕیارە هەفتەی داهاتوو ۱۱ کیلۆمەتری دیکەی رێگەکە بە رووی شۆفێراندا بکرێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی تەمموزی 2026، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی قۆناخەکانی دووەم و سێیەمی پڕۆژەی دووسایدی دووکان - چوارقوڕنە، کارەکانی11 کیلۆمەتر لە ڕێگەکە تاوەکو ناوچەی "کانی وەتمان" تەواو بووە. لە ئێستاشدا تەنیا بڕگەکانی هێڵکاری و هەندێک کاری وردی تەکنیکی ماون، کە بڕیارە تاوەکو هەفتەی داهاتوو کۆتاییان بێت و بە فەرمی بخرێتە خزمەت هاووڵاتییانەوە.

پێشتر دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لە بەسەرکردنەوەیەکی مەیدانیدا بۆ پڕۆژەکە رایگەیاندبوو "هەموو هەوڵێکمان بۆ ئەوەیە پێش وادەی دیاریکراوی خۆی پڕۆژەکە تەواو بکرێت، چونکە یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی هەرێمی کوردستان و گرنگییەکی زۆری بۆ کەرتی گواستنەوە هەیە."

زانیاری دەربارەی پڕۆژەکە:

درێژایی گشتی: 36.5 کیلۆمەتر.

تێچووی پڕۆژە: زیاتر لە 243 ملیار دینار.

دۆخی ئێستا: کارکردن لە تەواوی بڕگەکانی تری پڕۆژەکە بە شێوەیەکی چڕ بەردەوامە.

ئەم پڕۆژەیە یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەمکردنەوەی جەنجاڵی و رووداوەکانی هاتوچۆ لە نێوان پارێزگای سلێمانی و ئیدارەی راپەڕین.