بڕیارێک لە بەرژەوەندیی فەرمانبەرانی گرێبەستی حکوومی لە کەرتی تایبەت دەدرێت

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، چەند رێکارێکی نوێی بۆ رێکخستنی دۆخی خانەنشینی و دەستەبەری کۆمەڵایەتیی ئەو کارمەندە گرێبەستانە راگەیاند: لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، بەوەش کێشەیەکی مێژوویی ئەو چینە چارەسەر دەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی تەمموزی 2026، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کار و دەستەبەری کۆمەڵایەتی سەر بە وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بڵاویکردەوە، دوای هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی، بابەتی دۆخی دەستەبەری و تەوقیفاتی خانەنشینی ئەو کارمەندە گرێبەستە حکوومییانەی لە کەرتی تایبەت کار دەکەن، بە شێوەیەکی فەرمی و یاسایی چارەسەر کراوە.

 

دەقی بڕیارەکە و وردەکارییەکان

بەپێی نووسراوی ژمارە 4940 لە رێکەوتی 24/5/2026 کە ئاراستەی وەزارەتی دارایی کراوە و وەڵامی وەزارەتی ناوبراو بە نووسراوی ژمارە 5270 لە رێکەوتی 7/6/2026، جەخت لەوە کراوەتەوە کە دەبێت دۆخی ئەم کارمەندانە بەپێی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری کرێکاران (ژمارە 39ـی ساڵی 1971ـی هەموارکراو) رێکبخرێت. لەو چوارچێوەیەشدا گشتاندنی ژمارە 6658 لە رێکەوتی 24/6/2026 بۆ تەواوی پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان نێردراوە.

 

گرنگترین دەستکەوتەکانی ئەم بڕیارە

گواستنەوەی خزمەت: کارمەندانی گرێبەست لە کەرتی تایبەت دەتوانن خزمەتی دەستەبەریی خۆیان بۆ میلاکی گشتی بگوازنەوە.

تەوقیفاتی خانەنشینی: کارمەندان ناچار نابن لە کاتی خانەنشینبووندا تەوقیفاتی ساڵانی رابردوو بە شێوەی (کۆبووەوە/متراکم) بدەن.

کەمکردنەوەی بڕی بەشداری: رێژەی بەشداریی لە دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ ئەم کارمەندانە تەنیا 5%ـە، لە کاتێکدا لە میلاکی گشتی 10%ـە.

پاراستنی مافەکان: تەوقیفاتی خانەنشینی بە شێوەی مانگانە لە کاتی کارکردنیان لە کەرتی تایبەت ئەنجام دەدرێت و مافی یاساییان دەپارێزرێت.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەم هەنگاوە دەستکەوتێکی گرنگە بۆ پاراستنی مافی خانەنشینی کرێکاران و کارمەندانی گرێبەست، هەروەها دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی بارگرانی دارایی لەسەر شانی ئەو فەرمانبەرانەی لە کەرتی تایبەتدا خزمەت دەکەن.