بە بەشداریی 200 خاوەنکار؛ فێستیڤاڵی هاوینەی لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان کرایەوە
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، بە بەشداریی زیاتر لە 200 خاوەنکار و پیشەوەر، فێستیڤاڵی هاوینەی سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێر لە پارکی سامی عەبدولڕەحمان کرایەوە، کە ئافرەتان بەرهەمە دەستی و بازرگانییەکانی خۆیان نمایش دەکەن.
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، فێستیڤاڵەکە بە مەبەستی رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و ئافرەتان، لەلایەن سەرۆکایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە بە شێوەیەکی "بێ بەرامبەر" رێکخراوە. لە فێستیڤاڵەکەدا زیاتر لە 200 شوێن (ستاند) بۆ پیشە جۆراوجۆرەکان دابین کراوە و بڕیارە چەند ڕۆژێک بەردەوام بێت.
وەزارەتی شارەوانیی ئاماژەی بەوە کردووە، بەشێکی بەرچاوی بەشداربووانی فێستیڤاڵەکە ئافرەتانی خاوەنکارن، کە بەرهەمە دەستییەکان، براندە ناوخۆییەکان و کاڵا جۆراوجۆرەکانیان نمایش کردووە، ئەم چالاکییە بووەتە جێی سەرنجی گەشتیارانی ناوخۆ و دەرەوە کە لە وەرزی هاویندا سەردانی پارکی سامی عەبدولڕەحمان دەکەن.
کارزان هادی، سەرۆکی شارەوانیی هەولێر لە کاتی کردنەوەی فێستیڤاڵەکەدا بە کوردستان24ـی راگەیاند "زۆرینەی ئەوانەی لەم فێستیڤاڵەدا بەشدارن ئافرەتن، ئێمە وەک شارەوانی ساڵانە و لە بۆنە جیاوازەکاندا ئەم جۆرە چالاکییانە ئەنجام دەدەین، چونکە هەم دەبێتە هۆی دروستکردنی هەلی کار و هەمیش سەرنجی گەشتیاران بۆ ناو پایتەخت رادەکێشێت."
سەرۆکی شارەوانی ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی پێشوازییە زۆرەکەوە، چەندین کاسبکار و بەشداربوو داوایان کردووە ماوەی بەڕێوەچوونی فێستیڤاڵەکە درێژبکرێتەوە تاوەکو زۆرترین هاووڵاتی سوودی لێ ببینن.
فێستیڤاڵەکە بە بەشداری زیاتر لە 200 خاوەن پیشەیە و بەبێ بەرامبەر بەشداری دەکەن و ئامانج لێی پاڵپشتی گەنجان و ئافرەتان و گەشەپێدانی کەرتی گەشتیاری.