عێراقچی: سەردانەکەی زەیدی بۆ ئێران گرنگە و ئەنجامی باشی بۆ هەردوو وڵات دەبێت

وەزیری دەرەوەی ئێران، سەردانەکەی سەرۆکوەزیرانی عێراقی بۆ تاران لەم کاتەدا بە پێویست و گرنگ ناوبرد بۆ قووڵکردنەوەی متمانە و پێوەندییە ستراتیژییەکانی نێوان بەغدا و تاران لە سایەی ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکەدا روودەدەن.

پێنجشەممە، 23ـی تەممووزی 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکدا لە پەراوێزی کۆبوونەوەی عەلی زەیدی و مەسعود پزیشکیان، ئاماژەی بەوە کرد: "سەردانەکەی زەیدی بۆ ئێران گەلێک گرنگە، بە تایبەت کە لە ژێر سایەی ئەو بارودۆخە هەستیارەدا دێت کە ئێستا ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت."

هاوکات عێراقچی باسی لەوە کرد، ئەم سەردانەی زەیدی بۆ ئێران، نیشانەی قووڵیی پێوەندییە مێژووییەکان و لێک نزیکبوونەوەی هەردوو وڵاتە. روونیشی کردەوە، چەندین بەرژەوەندیی هاوبەش عێراق و ئێران پێکەوە دەبەستێتەوە.

سەبارەت بە رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات، عێراقچی جەختی کردەوە، رێککەوتننامەی ئەمنیی واژۆکراوی نێوان ئێران و عێراق بابەتێکی زۆر جیدییە بۆ ئەوان و، تا ئێستا لە ئاستێکی قبووڵکراودا جێبەجێ کراوە، بەڵام پێویستە لە داهاتوودا سەرنج و گرنگیی زیاتری پێبدرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە تاران، سەرپەرشتیی واژۆکردنی چەندین رێککەوتننامە و یاداشتی لێکتێگەیشتنیان لە نێوان هەردوو وڵاتدا کرد.