ڤینیس فەرشی سوور بۆ فیلمێکی نوێی هەڵکەوت مستەفا رادەخات
بۆ یەکەمین جار، نوێترین بەرهەمی سینەماکاری کورد هەڵکەوت مستەفا، لە خولی 83ـی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینیس لە ئیتالیا بەشدار دەبێت و کێبڕکێ لەسەر خەڵاتەکانی فیستیڤاڵەکە دەکات.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 23ـی تەمموزی 2026، فیستیڤاڵی ڤینیس کە بە کۆنترین فیستیڤاڵی فیلم لە جیهان دادەنرێت، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ناوی ئەو فیلمانەی ئاشکرا کرد کە لە خولی ئەمساڵدا بەشدارن، تێیدا فیلمی (بەهەشت نابینیت ئەگەر ژن بتکوژێت) وەک نوێترین کاری هەڵکەوت مستەفا دەستنیشان کرا.
فیلمەکە چیرۆکی کچە قەناسێکی پێشمەرگە دەگێڕێتەوە کە بۆ رزگارکردنی خوشکە بچووکەکەی، بە نهێنی دەچێتە ناو چەکدارانی داعش، فیلمەکە وێنەیەکی شیعریی ژنێکی پێشمەرگە نیشانی جیهان دەدات کە لەبەردەم تاریکیدا سەر دانانەوێنێت.
هەڵکەوت مستەفا، نووسەر و دەرهێنەری فیلمەکە لەبارەی ئەم سەرکەوتنەوە راگەیاند "زۆر خۆشحاڵم کە یەکەمین نمایشی جیهانیی فیلمە نوێیەکەم لە ڤینیس دەبێت؛ ئەم فیلمە ئازایەتی و خۆڕاگریی ژنی کورد بە جیهان نیشان دەدات."
ئاماژەی بەوەش کرد کە بۆ نووسینی سیناریۆکە، دیداری لەگەڵ چەندین ژنی پێشمەرگە ئەنجام داوە کە دژی داعش جەنگاون.
ئەم فیلمە لەلایەن کۆمپانیای (هێنە فیلم)ی نەرویجی و بە هاوبەشیی وڵاتانی نەرویج، سوید، ئیماراتی عەرەبی و هەرێمی کوردستان بەرهەم هێنراوە.
هەڵکەوت مستەفا کە خەڵکی باشووری کوردستانە و نیشتەجێی نەرویجە، پێشتر بە فیلمی سینەمایی (کلاسیکۆ) و دۆکیۆمێنتاریی (شاردنەوەی سەدام حوسێن) ناوبانگێکی گەورەی نێودەوڵەتی بەدەستهێنابوو، کە دووەمیان یەکێک بوو لە پڕبینەرترین فیلمە دۆکیۆمێنتارییەکانی مێژووی سینەمای عەرەبی.
بڕیارە خولی 83ـی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ڤینیس، لە رێکەوتی 2 تا 12ـی ئەیلوولی 2026 لە شاری ڤینیسی ئیتالیا بەڕێوەبچێت، کە تێیدا فیلمە کوردییەکە دەرگایەکی نوێ بۆ ناساندنی سینەمای کوردی بە رەخنەگران و بینەرانی جیهان دەکاتەوە.