لە بەحرەین زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا و رێکخراوی دەریاوانیش هۆشداری دەدات

لەگەڵ پەرەسەندنی ئاڵۆزییە سەربازییەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەیانی ئەمڕۆ لە بەحرەین زەنگی ئاگادارکردنەوە لە هێرشی مووشەکی لێدرا؛ هاوکات رێکخراوی نێودەوڵەتی دەریاوانی هۆشداری لە مەترسییەکانی سەر ئاسایشی گواستنەوەی جیهانی و ژینگەی دەریاوانی دەدات.

بەیانی ئەمڕۆ هەینی 24ی تەممووزی 2026، لە بەحرەین زەنگی ئاگادارکردنەوە لێدرا، ئەمەش دوای ئەوە هات کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئێران ئەنجامدا. وەزارەتی ناوخۆی بەحرەین لە هەژماری فەرمی خۆی لە سۆشیاڵ میدیای ئێکس بڵاویکردەوە: " داوا لە هاووڵاتییان و دانیشتووان دەکەین ئارام بن و بچنە نزیکترین شوێنی ئارام و لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانەوە چاودێری هەواڵەکان بکەن."

بەحرەین لەگەڵ هەریەک لە کوەیت و ئوردن، رووبەڕووی هێرشی مووشەکی و درۆنیی ئێران دەبنەوە. ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر بەحرەین، دامەزراوەکانی وزە، وێستگەکانی پاککردنەوەی ئاو، بەندەرەکان، فڕۆکەخانەکان و چەندین شوێنی مەدەنی دیکەیان کردووەتە ئامانج.

لەلایەکی دیکەوە، ئارسینۆ دۆمینگێز، سەرۆکی رێکخراوی نێودەوڵەتی دەریاوانی (IMO)، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە نوێیەکانی سەر کەشتییە بازرگانییەکانی لە دەریای سوور کرد و هۆشداری لە لێکەوتە مەترسیدارەکانی ئەو هێرشانە بۆ سەر ئاسایشی گواستنەوەی نێودەوڵەتی و ژینگەی دەریاوانی دا. ناوبراو نیگەرانی قووڵی خۆی نیشاندا بەرامبەر بە مەترسییەکانی پیسبوونی ژینگە کە لە ئەنجامی ئەو رووداوانە لە دەریای سوور و گەرووی هورمز دروست دەبن.

ئەم هەڵوێستەی رێکخراوی نێودەوڵەتی دەریاوانی دوای ئەوە هات، کە گرووپی حوسییەکانی یەمەن بەرپرسیارێتی خۆیان لە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر دوو تانکەری نەوتی سعوودی راگەیاند. دواتر ئاژانسی هەواڵی سعوودیە پشتڕاستی کردەوە کە یەکێک لە تانکەرەکان لە کاتی تێپەڕبوونی بە ناو دەریای سووردا، کراوەتە ئامانج و بەو هۆیەشەوە ئاگر لە کەشتییەکەدا کەوتووەتەوە.

لێدوانەکانی سەرۆکی رێکخراوەکە لە کاتێکدایە، کە مەترسییە نێودەوڵەتییەکان لەبارەی کاریگەریی هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر ئاسایشی دەریاوانی و تێکچوونی زنجیرەی دابینکردنی کاڵا لەسەر ئاستی جیهان، روو لە زیادبوونە.