عێراقچی: قەرەبووکردنەوەی زیانەکان بە پارەی ئێران پێشینەیەکی مەترسیدارە
عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، هۆشداریی توند دەداتە ئەو لایەنانەی دەست بەسەر دارایی وڵاتانی دیکەدا دەگرن و رایدەگەیەنێت، ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی تێکدانی ئاسایشی ئابووری لەسەر ئاستی جیهان.
وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیامێکدا رایگەیاند "دەستبەسەرداگرتنی سامانی نەتەوەیەکی دیکە بۆ دانەوەی قەرەبووی داواکارییە ناپەیوەندیدارەکانی داهاتوو، پێشینەیەکی ئاگرین و مەترسیدارە."
عێراقچی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کەسانەی ئێستا بەم هەنگاوە دڵخۆشن یان سوود لەو پارانە وەردەگرن، پێویستە چاوکراوە بن و گوتی "پێویستە ئەوە لەبیر نەکرێت؛ کاتێک حکومەتەکان دەستبەسەرداگرتنی دارایی وەک کارێکی ئاسایی و نۆرماڵ پەیڕەو دەکەن، ئیتر سامانی هیچ کەسێک پارێزراو نابێت."
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداریی لە دەرەنجامەکان دا و جەختی کردەوە کە "ئەو پشێوییەی بەهۆی ئەم جۆرە ڕەفتارانەوە دێتە ئاراوە، نە دیمەنێکی جوان دەبێت و نە بە ئاشتییانەش تێدەپەڕێت."