سوپای ئێران: هێرشمان کردووەتە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە بەحرەین و ئوردن
سوپای ئێران رایدەگەیەنێت، لەرێگەی چەندین درۆنەوە بنکەی شێخ عیسا لە بەحرەین و بنکەی ئەزرەقیان لە ئوردن کردووەتە ئامانج؛ هاوکات هێرشەکانی ئەمریکاش بۆ سەر ناوەندە سەربازییەکانی ئێران بۆ 13یەمین رۆژی لەسەریەک بەردەوامە.
رۆژی هەینی، 24ی تەممووزی 2026، سوپای ئێران لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند، لە چوارچێوەی قۆناخی 24ی ئۆپەراسیۆنی "ساعیقە"، لەرێگەی درۆنی جۆری "ئارەش"، بەیانی ئەمڕۆ بنکەی سەربازی شێخ عیسایان لە بەحرەین کردووەتە ئامانج. بەگوێرەی بەیاننامەکە، لەو هێرشەدا کۆگاکانی سووتەمەنی، کۆگاکانی کەلوپەلی سەربازی و شوێنی نیشتەجێبوونی هێزەکانی ئەمریکا لەو بنکەیە کراونەتە ئامانج.
هەر لە بەیاننامەکەدا هاتووە، لە درێژەی هەمان ئۆپەراسیۆندا، هێزەکانی ئێران بنکەی ئەزرەقیان لە ئوردن کردووەتە ئامانج و تیایدا شوێنی چاککردنەوەی فڕۆکەکان و شوێنی نیشتەجێبوونی هێزە ئەمریکییەکانیان پێکاوە. سوپای ئێران هۆشداریشی داوە کە هەر هەنگاوێک دژی بەرژەوەندییەکانی تاران بنرێت، دەبێتە هۆی تێکدانی ئاسایش و بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی وڵاتانی دیکەی ناوچەکە.
لەلایەکی دیکەوە، سوپای ئەمریکا رایگەیاند کە بۆ 13یەمین رۆژی لەسەریەک هێرشەکانی بۆ سەر ئێران بەردەوامە. واشنتن ئاماژەی بەوە کردووە کە ناوەندەکانی فەرماندەیی سەربازی، کۆگاکانی درۆن، تۆڕەکانی پەیوەندی و بنکەکانی چاودێری کەناراوەکانی ئێرانیان کردووەتە ئامانج.