ئۆکرانیا بە سەدان درۆن هێرشی کردە سەر لینینگرادی رووسیا

وەزارەتی بەرگریی رووسیا رایگەیاند، شەوی رابردوودا هێزەکانی ئۆکرانیا بە سەدان درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشێکی چڕیان کردووەتە سەر شاری مێژوویی لینینگراد.

وەزارەتی بەرگریی رووسیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 24ـی تەممووزی 2026، رایگەیاند، تەنیا لە چەند کاتژمێرێکی شەوی رابردوودا ئۆکرانیا بە هەڵدانی 571 درۆنی بۆمبڕێژکراو هێرشێکی چڕ و فراوانی کردووەتەوە سەر شاری لینینگراد لە نزیک سانت پترسبۆرگ، بەڵام هیچ ئاماژەیەکی بە زیانی هێرشەکان نەداوە.

هەر لەمبارەوە، بەشێک لە میدیا ناوخۆییەکانی رووسیا ئاشکرایان کردووە،  هێرشە درۆنییەکان کۆگایەکی سەر بە گەورە کۆمپانیای بازرگانی ئەلیکترۆنی (وایڵدبێریز)ـی کردووەتە ئامانج و زیانێکی زۆری پێگەیاندووە.

هەروەها بەرپرسانی ئیداری خۆجێی لینینگراد بە فرانس پرێسیان راگەیاندووە، ئاگر لە شوێنی هێرشەکە کەوتووەتەوە و دووکەڵێکی چڕیش ئاسمانی ئەو شارە مێژووییەی تەنیوە. 

لەلایەن خۆیەوە، ئەلێکساندەر بیگلۆڤ، پارێزگاری سانت پترسبۆرگ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی نووسیویەتی، لە رێگەی درۆنەوە هێرش کراوەتە سەر ژێرخانی دامەزراوە مەدەنییەکان لە شارەکەیدا، بەڵام هەوڵەکان بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە بەردەوامە .

هەر بە گوێرەی میدیاکانی رووسیا، هەفتەیەکە ئۆکرانیا لە هێرشەکانیدا چەندین دامەزراوەی سەر بە کۆمپانیای وایڵدبێریزیان کردۆتە ئامانج، کە چەند بنکەیەکی دامەزراوەکان دەکەونە ناوچەی مۆسکۆی پایتەخت.

لە لایەکی دیکەوە، ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی، سەرۆکی ئۆکراینا رایگەیاندووە کە ئەو کۆمپانیا بازرگانییەی کراوەتە ئامانج، پارچەی کەلوپەلی سەربازی کۆدەکاتەوە و دەیاننێرێت کە لەژێر سزاکاندان. کیێڤ ئەم هێرشانە بە "سزای دوورمەودا" ناودەبات و وەک وەڵامێک بۆ بۆردوومانە بەردەوامەکانی رووسیا بۆ سەر شارەکانی ئۆکراینا لێکی دەداتەوە.