شەش هەزار دەریاوان لە گەرووی هورمز گیریانخواردووە

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای رزگارکردنی شەش هەزار دەریاوان دەکات، بەهۆی جەنگەوە لە گەرووی هورمز گیریانخواردووە.

ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسیاری مافەکانی مرۆڤ لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەمڕۆ هەینی 24ـی تەممووزی 2026، داواکارییەکی ئاراستەی وڵاتانی بەشدار لە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە و دەڵێت: هاوکار بن لە رزگارکردن و گەڕاندنەوەی نزیکەی شەش هەزار دەریاوان، کە بەهۆی جەنگەوە لە گەرووی هورمز گیریانخواردووە.

هەروەها ئاژانسی فرانس پرێس بڵاویکردووەتەوە، شابیا مانتۆ، گوتەبێژی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە جنێڤەوە بە رۆژنامەنووسانی گوت: پێویستە لایەنەکانی شەڕ و ململانێکان پەلە بکەن بۆ گەڵاڵەکردنی رێکارێکی ئاسانکاری بۆ ئەوەی ئەو کەشتی و دەریاوانانەی بەهۆی شەڕەوە گیریانخواردووە، بە سەلامەتی بە گەرووی هورمز تێپەڕ بن و ناوچەکە چۆڵ بکەن.

مانتۆ داواشی کردووە، وڵاتان هاوکاربن و رێگری نەکەن لە گەیاندنی پێداویستییە گرنگ و سەرەکییەکان بە دەریاوانە گیرخواردووەکان تا ئەو کاتەی رزگاریان دەبێت.