103 ساڵ بەسەر پەیماننامەی لۆزاندا تێدەپەڕێت
لە 24ی تەممووزی 1923، رێک 103 ساڵ بەسەر واژۆکردنی پەیماننامەی لۆزاندا تێدەپەڕێت، کە لە ساڵی 1923 لە شاری لۆزانی سویسرا لەنێوان وڵاتە سەرکەوتووەکانی جەنگی جیهانی یەکەم و تورکیای نوێدا واژۆکرا.
ئەم پەیماننامەیە تەنیا رێککەوتنێکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو وەک وەرچەرخانێکی مێژوویی نەرێنی، هەموو ئەو خەون و ئاواتانەی گەلی کوردی لەو سەردەمەدا لەگۆڕنا کە پێشتر لە پەیماننامەی سێڤەردا چەسپێنرابوون. لۆزان یەکەم هەنگاوی دژ بە کورد نەبوو، چونکە پێشتر لە ساڵی 1916دا فەرەنسا و بەریتانیا لە رێگەی سایکس بیکۆوە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان دابەش کردبوو، بەڵام لۆزان بووە کۆتا بزمار لە تابووتی مافە نەتەوەییەکانی کورد لەو قۆناخەدا.
پەیماننامەی لۆزان کە وەک جێگرەوەیەک بۆ پەیماننامەی سیڤەری ساڵی 1920 هاتە کایەوە، بە تەواوی ئاراستەی مێژووی گۆڕی، لە کاتێکدا لە پەیماننامەی سیڤەر و لە ماددەکانی 62، 63 و 64دا، دان بە مافی کورددا نرابوو بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ لەسەر رووبەری 20%ی تێکڕای خاکی کوردستانی گەورە، بەڵام مستەفا کەمال ئەتاتورک توانی لە رێگەی فشارە دیپلۆماسییەکان و بەدەستهێنانی پاڵپشتی یەکێتی سۆڤییەتی جاران، هاوپەیمانان بەتایبەت بەریتانیا و فەرەنسا قایل بکات کە واز لە سیڤەر بهێنن. مەرجی سەرەکی تورکیا بۆ یەکلاکردنەوەی کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جێگیربوونی سنوورەکانی، جێبەجێ نەکردنی بەندەکانی پەیماننامەی سیڤەر بوو، ئەمەش وایکرد لە کۆی 143 ماددەی لۆزان، ناوی کورد و مافە سیاسییەکانی بە تەواوی بسڕدرێتەوە.
ئەم رێککەوتنە لەنێوان 13 وڵاتی دەستڕۆیشتووی وەک تورکیا، بەریتانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، یۆنان، بەلجیکا، رۆمانیا، ژاپۆن، بولگاریا، پورتوگال و یەکێتی سۆڤییەت و یوگسلافیای جاران واژۆکرا. دەرەنجامی ئەم کۆدەنگییە نێودەوڵەتییە، دووبارە دابەشکردنەوەی خاکی کوردستان بوو؛ دوای ئەوەی لە ساڵی 1514 و لە شەڕی چاڵدێراندا کوردستان کرابوو بە دوو بەش، لۆزان هات و خاکی کوردستانی گەورەی بەسەر هەر چوار وڵاتی تورکیا، ئێران، عێراق و سووریادا دابەش کرد. هەروەها پارچەی پێنجەم کە بە "کوردستانی سوور" ناسراوە، کەوتە ژێر دەسەڵاتی یەکێتی سۆڤییەت و ئێستا لە چوارچێوەی جوگرافیای وڵاتانی ئەرمەنستان، ئازەربایجان، گورجستان و تورکمانستان دابەش بووە.
جگە لە دابەشکردنی خاک، لۆزان کێشەی ویلایەتی موسڵی کە باشووری کوردستانی ئێستایە، بە هەڵواسراوی هێشتەوە و دواتر لە ساڵی 1926دا بە لکاندنی بە عێراق کۆتایی پێهات. ئەم پەیماننامەیە نەک هەر زەبرێکی کوشندەی لە دۆزی کورد گەیاند، بەڵکو نەخشەیەکی نوێی سیاسی و جوگرافیای بۆ ناوچەکە داڕشت کە بووە سەرچاوەی ململانێ و ناکۆکییەکی قووڵ لە نێوان گەلانی ناوچەکەدا بۆ ماوەی سەدەیەک. لۆزان بە فەرمی سیاسەتی نکۆڵیکردنی لە ناسنامەی نەتەوەیی کورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی چەسپاند و گەورەترین نەتەوەی جیهانی بێ دەوڵەت هێشتەوە.